ئەردۆغان لەقاهیرەوە قۆناغی دوای ئیسلامی سیاسی دەستپێكرد

ڕاپۆرت

14/02/2024‌ 1192 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سەردانەكەی ئەردۆغان بۆ قاهیرە كۆتایی بە قۆناغێكی ململانێی سیاسی دەهێنێت كە لە ساڵی 2013وە دەستیپێكردووە، كاتێك سیسی، محەمەد مورسی سەرۆكی ئیخوانی میسری لەكارخست، توركیاش پێشوازیی لە زۆرێك لە ئەندامانی ئیخوان موسلیمین كرد كە لە میسر هەڵهاتن، لەوێش چەندین كەناڵییان دانا بۆ هێرشكردنە سەر سیسی و سیاسەتەكانی.

ئەردۆغان گەیشتە سەر سفرەكەی سیسی
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ ئەردۆغان لەگەڵ هاوژینەكەی و شاندێكی باڵای حكومەتی توركیا بە فڕۆكەیەكی تایبەتی سەرۆكایەتی توركیا لە ئیماراتەوە گەیشتنە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی قاهیرە، لەلایەن سیسییەوە بە رێوڕەسمێكی گەورە پێشوازی لێكراو لە كۆشكی ئیتحادییە كۆبوونەوە.



ئەردۆغان بەشداری خوانێكی كرد كە لەلایەن سیسییەوە ئامادەكرابوو، هەروەها تێیدا ئەردۆغان بانگێشتی سیسی كرد بۆ سەردانی توركیا لە مانگی نیسانی داهاتوودا.

سەردانەكەی ئەردۆغان بۆ قاهیرە كاردانەوەی گەورەی لەسەر ئاستی میدیای میسری لێكەوتەوە و وەك هەنگاوێكی گرنگی سیسی لێكدانەوەی بۆ دەكرێت بەو جۆرەی نەیارێكی گەورەی دەسەڵاتەكەی لە 10 ساڵی رابردوودا هێنایەوە سەر ئەو راستەرێیەی خۆی خوازیارییەتی.

لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی هاوبەشدا سیسی ئاماژەی بەوەكرد، سەردانەكەی سەرۆك كۆماری توركیا بۆ قاهیرە دەبێتەهۆی كردنەوەی لاپەڕەیەكی نوێ لە پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵاتدا، ئەمەش ئاماژەیە بۆ خواستی ئەو بۆ وەڵامدانەوەی بانگهێشتنامەكەی ئەردۆغان بۆ سەردانی توركیا لە مانگی نیسانی داهاتوودا.

ئاماژەی بەوەشكرد، میسر لە ساڵانی داهاتوودا ئاستی هاوكارییە ئابورییە هاوبەشەكان لەگەڵ توركیا بۆ ١٥ ملیار دۆلار بەرزدەكاتەوە.

لای خۆیەوە، سەرۆك كۆماری توركیا خۆشحاڵی خۆی بە سەردانی قاهیرە دەربڕی ‌و ڕایگەیاند، وڵاتەكەی و میسر مێژوویەكی هاوبەشیان هەیە، خواستی خۆی بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی پەیوەندییە دووقۆڵییەكان دەربڕی.

ئەردۆغان سەردەمێكی نوێ دەستپێدەكات
هەوڵی ئاشتەوایی توركیا لەگەڵ قاهیرە لە ساڵی ٢٠٢٠ دەستیپێكرد، كاتێك ئەردۆغان خواستی خۆی بۆ ئەنجامدانی "دانوستانی هەواڵگری" لەگەڵ میسر ڕاگەیاند، دواتر ڕێگری لە كەناڵەكانی ئیخوان موسلیمین كە لە توركیاوە پەخشیان دەكرد، باسی سیاسەت بكەن یان ڕەخنە لە سەرۆكی میسر بگرن.

بەگشتی پەیوەندییەكانی نێوان ئەو دوو كەسە باشتر بوو، بەرژەوەندییەكانیان لە زۆرێك لە ململانێ ناوچەییەكاندا كۆبووەوە، لەوانە سوودان یان كەرتی غەززە.

 بۆ یەكەمجار لە تشرینی دووەمی ٢٠٢٢ لە كاتی جامی جیهانی فیفا لە قەتەر ئەردۆغان و سیسی تەوقەیان كرد و چەند هاتن و چونێك لەنێوان هەردوولادا هاتەئاراوە، ئیدی وردە وردە ئەردۆغان گۆڕەپانی لە پێش ئیسلامییەكانی نەیاری سیسی نیشتەجێی وڵاتەكەیدا تەسككردەوە تا زۆرێكیان ناچار بوون توركیا بەجێبهێڵن بۆ وڵاتانی دیكە.

پەیوەندییە بازرگانییەكانی نێوان هەردوو وڵات بە باشی ماونەتەوە، چونكە توركیا پێگەی پێنجەمین هاوبەشی بازرگانی میسرە.

دكتۆر عامر ئەلسەبەیلا، پسپۆڕی كاروباری ستراتیژی، لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ رادیۆی نێودەوڵەتی مۆنتی كارلۆ، پێیوایە ئەم سەردانە كاریگەریی جیۆستراتیجی گەورەی هەیە.

دەشڵێت "كاتێك باس لە سەردانێكی مانادار و ئاماژەی سیاسی دەكەین، سەردانەكەی ئەردۆغان بۆ میسر ڕەنگە كۆتایی سەردەمێك و سەرەتای سەردەمێكی نوێ بێت، كۆتایی سەردەمی دوژمنایەتی و بیرۆكەی گۆشەگیركردنی میسری توركیا، یان تەنانەت بە ئامانجگرتنیش بێت و پاشان هەنگاونان بۆ بیرۆكەی هاوكاری ستراتیژی نێوان میسر و توركیا".

ڕونیشیكردەوە "ڕەنگە ئەمە كات بخایەنێت، بەڵام بێ گومان بیرۆكەیەكی نوێ دادەمەزرێنێت، ئەویش ئەوەیە كە هەموو شتێك كە سیاسەتی ناوچەكەی لە قۆناغەكانی ڕابردوودا لەسەری بنیات نراوە، واتە هاوپەیمانی، گۆڕاوە و ئێستا گەڕانە بەدوای بەرژەوەندییەكاندا".

ئەردۆغان لە پشتیوانی شۆڕشەكانی بەهاری عەرەبییەوە بۆ گەڕانەوە بۆ كۆشكی ئەو فەرماندە سەربازییەی یەكەم حكومی ئیخوانی لە میسر رووخاند
شرۆڤەكاران دەڵێن، پەیوەندییەكانی نێوان توركیا و میسر گرنگییەكی گەورەی هەیە، نەك تەنیا بۆ هەردوو وڵات، بەڵكو بۆ ناوچەكەش.

جوزێپی دێنتیس، سەرۆكی ئۆفیسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقا لە سەنتەری لێكۆڵینەوە نێودەوڵەتییەكانی ئیتاڵیا، بە "میدل ئیست ئای"ی گوت، وڵاتان لە كەنداوەوە تا لیبیا، هەروەها لە سوودانەوە بۆ ئیسرائیل و فەڵەستین، ڕاستەوخۆ كاریگەرییان لەسەر نزیكبوونەوەی پەیوەندییەكانی نێوان میسر و توركیا هەیە.

ئەحمەد حەسەن، ئەندامی ئەنجومەنی میسر بۆ كاروباری دەرەوە دەڵێت، پشتیوانی ئەردۆغان لەو ناڕەزایەتیانەی كە بە ڕووخانی ڕژێمی بن عەلی لە تونس دەستیپێكرد و دواتر بە موبارەك لە میسر و قەزافی لە لیبیا كۆتایی هات، لە خواستی ئەوەوە سەرچاوەی گرتبوو بۆ فراوانكردنی ئەزموونی پارتە سیاسییەكەی لە توركیا.

لەبارەی گۆڕانی هەڵوێستی ئەردۆغان لە ئێستادا ئەحمەد حەسەن گوتی: بەشێكی زۆر لە گۆڕانی هەڵوێستی ئەردۆغان بۆنزیكبوونەوە لە میسر و سیسی ئەو فشارەیە كە لەلایەن ئۆپۆزسیۆنی توركیاوە لەسەری دروستكراوە، بەجۆرێك لێكیاندایەوە تێكدانی پەیوەندییەكانی ئەنقەرە لەگەڵ قاهیرە بە زیانی ئابووری شكاوەتەوە، بۆیە پێویست بە ئاشتەوایی لەگەڵ ناوچەكە و دراوسێكان دەكات.

هەروەها دەڵێت، ئەردۆغان دركی بەوە كردووە كە ئاستی جوڵانەوەی ئیسلامی بەشێوەیەكی بەرچاو دابەزیوە، هەربۆیە دەبێت پێداچوونەوە بە سیاسەتی توركیادا بكرێت.

دەشڵێت، سەردانەكەی ئەردۆغان كاریگەری لەسەر ئاستی دووقۆڵی و ناوچەیی دەبێت و ڕەنگە هاوكاریی ئابووری لە ڕووی دوولایەنە دیارترینیان بێت، دواتر هەماهەنگی لەسەر پرسە ناوچەییەكانی وەك لیبیا و سووریا، بۆ نموونە.