بۆمبە ئەتۆمییەکەی عێراق، ئەو بەرنامەیەی ئیسرائیلی تۆقاندبوو

ڕاپۆرت

19/02/2024‌ 1302 جار خوێندراوه‌ته‌وه


کات، مانگی حوزەیرانی ساڵی 1981ە و شوێن بنکەی سەربازیی عەتسیونی ئیسرائیلە.. ژمارەیەك فڕۆکەی جەنگیی ئەو وڵاتە بە ئاسمانی دوو وڵاتدا کە ئوردن و سعودییەن دەفڕن و ئامانجێکی مەترسیداریان هەیە لە عێراق کە دەیانەوێت لەناویبەرن...

فڕۆکەکان 16 بۆمبیان لەگەڵ خۆیاندا هەڵگرتبوو، ئەرکەکەیان سەخت بوو، چونکە دەبوو وێستگەی ئەتۆمیی تەمموزی عێراق لەناوبەرن، کە بڕیار بوو ڕۆژێک دوای ئەو بۆردوومانە بە فەرمی بکرێتەوە... فڕۆکەکان 16 بۆمبیان بە ئاسمانی عێراقدا بەردایەوە خوارەوە و ئەرکەکەیان ماوەی سێ کاتژمێری خایەند.

ئۆپەراسیۆنەکەی ئیسرائیل بە یەکەم ئۆپەراسیۆن لە جیهاندا دژی وێستگەیەکی ئەتۆمیی ناوبرا، کە مەترسیی و ڕیسکی خۆی هەبوو، بەڵام چیرۆکی بەرنامە ئەتۆمییەکەی عێراق چی بوو، بۆچی ئیسرائیلی تۆقاندبوو؟

بەرنامە ئەتۆمییەکەی عێراق لە ساڵی 1956وە دەستپێدەکات لەوکاتەی عێراق لەسەردەمی پادشایەتیدا بوو، ئەوکات عێراق ئەندامی هاوپەیمانێتی بەغدا بوو کە ئەمریکا سەرۆکایەتی دەکرد و واشنتۆن وێستگەیەکی ئەتۆمیی بچوکی بە دیاریی دابووە عێراق، بەڵام مەرجەکەی ئەمریکا ئەوەبوو وێستگەکە بۆ کاری ئاشتیخوازیی بەکاربهێندرێت.

دوای ڕوخانی سیستمی پادشایەتی و هاتنی عەبدولکەریم قاسم، پەیوەندییەکانی ئەمریکا و عێراق تێکچوون، ئەمریکا وێستگە ئەتۆمییەکەی لە بەسرەوە بە دیاریی دایە شای ئێران لە بوشەهر.

لەگەڵ هاتنی سەدام حسێن بۆسەر دەسەڵات و لە ساڵی 1976 عێراق چووە قۆناغێکی نوێیوە لەدەستگەیشتن بە چەکی ئەتۆمیی، ئەویش واژۆکردنی ڕێککەوتن بوو لەگەڵ کۆمپانیایەکی فەرەنسی بۆ دروستکردنی وێستگەکە. بۆیە لە فەرەنساوە 70 کیلۆگرام یۆرانیۆم بە بارهەڵگر ڕەوانەی عێراق کرا.

عێراق دەستی بە بنیاتنانی وێستگە ئەتۆمییەکەی لە ناوچەی تویسە و دوور لە چاوی جیهان کرد. لەنێو وێستگەکە دوو تونێلی نهێنیش هەبوون، ئیسرائیل ڕاستەوخۆ ترسی لێنیشت و دانی بەوەدا نا، سەدام حسێن دەیەوێت دەستی بە بۆمبی ئەتۆمیی بگات و هاوکێشەی هێز لە ناوچەکە دەگۆڕێت.

ئیسرائیل سەرەتا بە شێوەی هەواڵگریی دەستی بە لێدان لەو پڕۆژەیە کرد و دیارترین ئەندازیاری ئیتاڵیی کە لە پڕۆژەکەدا کاریدەکرد، وای لێکرد زانیارییەکانی وێستگەکە بداتە ئیسرائیل، دواتریش تیرۆرکردن دەستیپێکرد و یەحیا مەشەد، دیارترین زانای ئەتۆمیی میسری کە لە پڕۆژەکەی عێراق کاریدەکرد لەلایەن ئیسرائیلەوە لە پاریس تیرۆرکرا.

عەبدولڕەحمان ڕەسوڵ و سەلمان ڕەشید دوو زانای دیکەی عێراقیی بوون کە ئیسرائیل لە سویسرا بە ژەهر هەردووکیانی تیرۆرکرد، بەڵام هەموو ئەمانە ڕێگر نەبوون لە عێراق، بۆیە مەناحم بێگن، سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتەی ئیسرائیل بڕیاریدا لە وێستگەی ئەتۆمیی ئۆزیراکی عێراق بدرێت.

عێراق گەیشتبووە لوتکەی تەواوکردنی وێستگە ئەتۆمییەکەی، بەتایبەت کە توانیبووی دەستیبگات بە ئامێری ئەلکاترۆن، هەمان ئەو ئامێرەی ئەمریکا لە پڕۆژەی مەنهاتن بەکاریهێنا، ئەو پڕۆژەیەی بۆمبە ئەتۆمیەکانی هێرۆشیما و ناکازاکی تیادا دروستکرد

ئیسرائیل هێرشە قورسەکەی لە وێستگەی ئەتۆمیی ئۆزیراک وەشاند و تەلئەبیب و جیهانیش وایانزانی کۆتایی بە وێستگە ئەتۆمییەکەی سەدام حسێن هاتووە، بەڵام ئەوە سەرەتا بوو، چونکە ساڵانی دواتر سەدام حسێن بەردەوام بوو لەسەر هەوڵەکانی بۆ دروستکردنی وێستگەی ئەتۆمیی.

ئەگەر تا ئەو کاتە زانا بیانییەکان سەرقاڵی کارکردن بوبێتن لە وێستگەکە، دوای ئەو هێرشەی ئیسرائیل سەدام حسێن بڕیاریدا سەرجەم زانا و کارمەندەکانی وێستگەکەی عێراقیی و عەرەبیی بن، بۆیە دەستی بە کار کردەوە.

چەند ڕووداوێك خەونەکەی سەدام حسێنیان بۆ دەستگەیشتن بە چەکی ئەتۆمیی لەباربرد، یەکەمیان جەنگی هەشت ساڵەی عێراق و ئێران، دووەم داگیرکردنی کوەیت لەلایەن سەدامەوە، کە لەو ساڵەدا عێراق نزیکبوو لە تەواوکردنی وێستگە ئەتۆمییەکەی، بەڵام بەهۆی پەراوێزکەوتنی عێراق لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، خەونەکەی سەدام لەگەڵ خۆیدا چووە ژێر گڵ.