بکوژی هاشمی ئازادکرا

عیراق

26/03/2024‌ 4578 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سەرەڕای دانپێدانانەکان، دادگای تاوانەکانی بەغدا سزای لەسێدارەدانەکەی بۆ ئازادکردن گۆڕی، ڕۆیته‌رز-یش ده‌ڵێت:"دادگای تاوانەکانی بەغدا بەپاساوی نەبونی بەڵگەی تەواو، بڕیاری ئازادکردنی بۆ بکوژی ڕۆژنامەنوس‌و چاودێری سیاسیی عێراق، هیشام هاشمی دەرکرد، کە ئەفسەرێکی هێزە ئەمنییەکانەو بەگوێرەی بەڵگەنامەکانی لێکۆڵینەوە بەچەکی پۆلیس تاوانەکەی ئەنجامداوە".


ڕۆیتەرز لەزاری چەند سەرچاوەیەکی یاسایی بڵاویکردوەتەوە، دادگای تاوانەکانی بەغدا دور لەچاوی میدیاو میدیاکاران لەدانیشتنێکدا دوا بڕیاری لە سەر کەیسی کوژرانی هیشام هاشمی داو ئەحمەد حەمداوی بەپاساوی نەبونی بەڵگەی پێویست ئازادکرد، لەکاتێکدا لەتەمموزی 2021 حەمداوی بەتۆمەتباری سەرەکیی‌و بکوژی هیشام هاشمی دەستگیرکراو ڕاگەیەندرا، بەچەکی پۆلیس تاوانەکەی ئەنجامداوەو لەلایەن دادگای تاوانەکانی بەغداش لەئایاری 2023 سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرکرا.

پارێزەرێکی ئامادەبوی دانیشتنەکەی دادگا بەڕۆیتەرزی وتوە، "دادگا هەموو ئەو تۆمەتانەی لەسەر دۆسیەی کوشتنی هیشام هاشمی ئاراستەی ئەحمەد حەمداوی کرابون ڕەتکردەوە، بەپاساوی ئەوەی بەڵگەکان تەواونین‌و دانپێدانانەکانی پێشتریش تاوانبارکردنی ناسەلمێنن".

بەوتەی پارێزەرەکە لەدوا بڕیاری دادگاکەدا هاتوە، "هیچ بنەمایەکی یاسایی بەدیناکەن بۆ تۆمەتەکان هەربۆیە بڕیاریانداوە تۆمەتبار ئازادبکەن بەوپێیەی لەهیچ کەیسی دیکە هیچ تۆمەتێکی لەسەرنییە".

هیشام هاشمی شاره‌زاو توێژه‌رى بواری هزری توندڕه‌وی‌و گروپه‌ تیرۆریستییه‌كان، لە6ی تەمموزی 2020 له‌بەردەم ماڵەکەیدا لەناوچه‌ی زه‌یونه‌ی به‌غدا درایه‌ به‌ر ده‌ستڕێژی گوله‌و بەسەختی بریندارکرا، دوای گه‌یاندنی بۆ نه‌خۆشخانه‌ی ئیبن نه‌فیسی به‌غدا به‌هۆی سه‌ختی برینه‌كانییه‌وه‌ مرد.

ئەسیۆشەیتد پرێس له‌دوای تیرۆرى هاشمی، دانپێدانانێكى بڵاوکرده‌وە كه‌ چەند هەفتەیەك به‌ر له‌کوژرانی، هاشمی بەوکەسانەی وتوە کە متمانەی پێکردون، وتویه‌تى:"دەترسم لەوەی ئەو گروپە میلیشیانەی ئێران پشتیوانییان دەکات، بمکوژن، هاوڕێکانیشى ئامۆژگارییان کردوە ڕوبکاتە هه‌رێمى كوردستان به‌تایبه‌ت شارى هه‌ولێر بۆ ئەوەی پارێزراوبێت".

دوای ساڵێك تێپەڕبون به‌سه‌ر تیرۆركردنی هاشمی، مسته‌فا كازمی سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشوی عێراق لە(16ی ته‌مموز 2021) ڕایگه‌یاند، "به‌ڵێنی خۆمان بردەسەرو بكوژانی "هیشام هاشمی"مان دەستگیركرد".

لاى خۆیشیه‌وه‌ ناوەندی ڕاگەیاندنی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق لە(7ی ئایاری 2023) ڕایگەیاند، دادگای تاوانەکانی ڕەسافە سزای لەسێدارەدانی بۆ ئەحمەد حەمداوی عوەید تۆمەتباری کوشتنی هیشام هاشمی چاودێری سیاسی عێراقی دەرکردوه‌.