ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی عێراق 352 ملیار دینار بۆ هەرێم دەنێرێت

ئابوری

03/04/2024‌ 1311 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

به‌گوێره‌ى ئه‌و زانیاریانه‌ى وه‌زاره‌تى دارایی ئاشكرایكردوه‌، ئه‌مڕۆ به‌غدا بڕى 352 ملیار دینار بۆ هه‌رێمى كوردستان ڕه‌وانه‌ ده‌كات، ده‌شڵێت:"ئه‌و پاره‌یه‌ بۆ موچه‌ى مانگى دوى هێزه‌ ئه‌منیه‌كانه‌، كه‌ تائێستا وه‌ریان نه‌گرتوه‌".


به‌گوێره‌ى ئه‌و زانیاریانه‌ى وه‌زاره‌تى دارایی‌و ئابورى حكومه‌تى هه‌رێم له‌ڕێگه‌ى میدیاى نزیك له‌پارتیه‌وه‌ ئاشكرایكردوه‌، ئەمڕۆ چوارشەممە، وەزارەتی دارایی عێراق، بڕی 352 ملیارو 700 ملیۆن دینارى دیكه‌ بۆ موچەی مانگی دوى هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان ڕه‌وانه‌ ده‌کات.

ڕۆژی 28ى مانگى ڕابردوو وەزارەتی دارایی هەرێم ئاشكرایكرد، نزیکەی 599 ملیار دیناریان لەلقی هەولێی بانکی ناوەندیی عێراق وەرگرتوه‌ بەمەبەستی دابەشکردنی موچەی مانگی دوى فەرمانبەرانی هەرێم، لەکاتێکدا حکومەتی هەرێم، داوای 944 ملیار دیناری کردوه‌.

هەمان ڕۆژ، وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێم لیستی دابەشکردنی موچەی مانگی دوى بڵاوکردەوە، به‌ڵام له‌لیستى یه‌كه‌مدا هێزه‌ ئه‌منیه‌كان ناویان لیسته‌كه‌دا نه‌بوو، دواى چه‌ند كاتژمێرێك لیستى دوه‌م ڕاگه‌یه‌نراو ناوى دامه‌زراوه‌ ئه‌منیه‌كانى تێدابوو، به‌ڵام وه‌زاره‌تى دارایی هه‌رێم ڕایگه‌یاند، تائێستا موچه‌ى ئه‌و هێزانه‌ نه‌گه‌یشتۆته‌ هه‌رێمى كوردستان.

پشکی هەرێم لەبودجەی ساڵی 2023و 2024و 2025 بە 12,67 ترلیۆن دینار دیاریکراوە، واتا لەکۆی 198 ترلیۆن دیناری بودجەی فیدراڵیی عێراق، بڕی 16 ترلیۆن دینار پشکی هەرێمه‌، جگە لەکێشەی موچە، هه‌رێم‌و به‌غدا کێشەیان هه‌یه‌ لەناردن‌و نه‌ناردنى بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان کە بڕەکەی 276 ملیار دینارەو کرێی گواستنەوەی نەوت لەهەرێم کە بڕەکەی زیاتر لەترلیۆنێک دینارە.