جەنگی سێبەری نێوان ئێران‌و ئیسرائیل چوە قۆناغێکی نوێ‌و مەترسیداره‌وه‌

جیهان

03/04/2024‌ 924 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئاژانسی بلومبێرگ لەڕاپۆرتێکدا ئاماژەی بەوەکردوە، دوای ئەو هێرشەی ئیسرائیل کردیەسەر باڵیۆزخانه‌ى ئێران لەدیمەشقى پایته‌ختى سوریا، شەڕی سێبەری نێوان ئێران‌و ئیسرائیل گەیشتوەتە قۆناغێکی نوێ‌و مەترسیدار.


ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەشکردوە، "لەگەڵ بەردەوامیی شەڕەکانی نێوان ئیسرائیل‌و حەماس‌و بەشداریکردنی گروپە چەکدارەکانی دیکەی سەر بەئێران، شەڕی سێبەری نێوان ئەو دوو وڵاتە پێی ناوەتە قۆناغێکی نوێی مەترسیداره‌وه‌".

بلومبێرگ ئاماژەی بەوەکردوە، ئەمە تەنها ئەڵقەیەکی دیکەیە لەنێوان چەند ئەڵقەیەکی ململانێی نێوانیان بەتایبەتی لەچەند مانگی ڕابردودا.

ئاماژەی بەوەدا، لە 15ی 1ی ڕابردودا ئێران موشەکی بەکارهێنا بۆ هێرشکردنەسەر ئەو شوێنەی کە بەوتەی خۆی بنکەیەکی سیخوڕی ئیسرائیلە لەعێراق.

ئێران ڕایگەیاند، هێرشەکەی بۆ سەر ئەو شوێنەی کە بە"بارەگای سیخوڕیی" ئیسرائیل لەهه‌رێمى کوردستان وەسفیکردوە، لەوەڵامی هێرشێکی ئاسمانی "ئیسرائیل" بوە لەدیمەشق لە 25ی کانونی دوەمی 2023 کە بوە هۆی کوژرانی فەرماندەیەکی باڵای سوپای پاسداران.

ڕاپۆرتەکە باسی لە"بەرە ململانێ دەرەکییەکان" کردوەو ئاماژەی بەوەداوە، "لوبنان کۆنترین بەرەی شەڕی نێوان ئیسرائیل‌و ئێرانە، بەڵام ئێستا ململانێکان بۆ سوریاو تەنانەت دەریای سوریش درێژبوەتەوە".

ئەوەش هاتوە، "هەرچەندە ئیسرائیل‌و ئێران بەرپرسیارێتی هێرشەکانیان بۆ سەر کەشتییەکانی یەکتر لەئەستۆ نەگرتوە، بەڵام بەشێوەیەکی بەرفراوان باوەڕیان وایە کە ئەوان لەپشتیانەوەن".

باس له‌وه‌شكراوه‌، "لەپەرەسەندنی هێرشەکان لەدەریادا، لە 7ی ئۆکتۆبەرەوە، حوسییەکان کە باکوری ڕۆژئاوای یەمەنیان کۆنترۆڵکردوە، بەموشەک‌و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لەئیسرائیلیانداوەو چەندینجار هێرشیانکردوەتەسەر کەشتییەکانی پەیوەست بەو وڵاتە لەدەریای سور".

بلومبێرگ دەڵێت:"هەرچەندە ئێران زیاتر هێرشەکانی ئیسرائیلی لەسەر بەرژەوەندییەکانی لەسوریا قبوڵکردوە، بەڵام لەساڵی 2018دا هێزەکانی لەو وڵاتەوە ڕێژنە موشەکیان بەرەو پێگەکانی ئیسرائیل لەبەرزاییەکانی جۆلان تەقاند، کە بەرزاییەکی سوریایەو ئیسرائیل لەساڵی 1967وە داگیریکردوە".

ڕونیشیکردۆتەوە، لەبەرامبەردا، ئیسرائیل لەساڵی 2010وە لەپشت تیرۆرکردنی پێنج گەورە زانای بواری ئەتۆمیی ئێران‌و چەندین هێرشە بۆسەر پێگە ئەتۆمییەکانی ئەو وڵاتە.

بەپەلە