لەداهاتودا توشبووانی شەکرە دەنکۆڵەی ئەنسۆلین لەجیاتی دەرزی بەکاردەهێنن

تەندروستی

08/05/2024‌ 454 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

تیمێکی نێودەوڵەتی زانایان سیستەمێکیان پەرەپێداوە کە لەسەر بنەمای نانۆ تەکنەلۆژیایەو دەتوانێت ئەنسۆلین بەشێوەی زارەکی (دەنکۆڵە) بگەیەنێت لەبری دەرزی لێدان.


لەسەرتاسەری جیهاندا، بەمەزەندەکردن 425 ملیۆن کەس توشی نەخۆشی شەکرە بون‌و نزیکەی 75 ملیۆن کەسیان ڕۆژانە دەرزی ئەنسۆلین بۆ خۆیان دەدەن.

زاناکان بەسەرۆکایەتی تیمێکی زانکۆی سیدنی لەئوسترالیا، حەبێکی ئەنسۆلینیان بەشێوەی زارەکی دروستکردوە کە دەتوانرێت وەک هەر حەبێکی تر بخورێت، ئەم دەرمانەیان لەسەر مشک‌و جرج‌و مەیمونی بابون تاقیکردۆتەوە.

ئەنسۆلینی نوێی زارەکی بەبەکارهێنانی نانۆ مادەیەکی بچوک دروستکراوە کە نزیکەی 1/10,000 پانی قژی مرۆڤە.

ئەم نانۆ مادەیە مۆلیکولەکانی ئەنسۆلین لەترشی گەدە دەپارێزێت، ئەم مادە ناوازەیە زیاتر لەوەدەکات کە تەنها بەربەستێکی پارێزەر دروستبکات، چونکە دەوری تاکە مۆلیکولەکانی ئەنسۆلین دەدات‌و دەبێتە "نانۆهەڵگر" بۆ ئەم مۆلیکولانە، ڕێگەیان پێدەدات بگەنە ئەو شوێنانەی لەجەستەدا کە زۆرترین پێویستیان پێیەتی.

نیکۆلاس هانت، سەرپەرشتیاری سەرەکیی توێژینەکەوەو ئەندامی پەیمانگای نانۆ لەزانکۆی سیدنی‌و سەنتەری چارڵز پێرکنز، وتویوتی:"تەحەدای گەورە لەپەرەپێدانی ئەنسۆلینی زارەکیدا، ڕێژەی کەمی ئەنسۆلین بوە کە دەگاتە خوێن کاتێک بەشێوەی زارەکی یان بەدەرزی ئەنسۆلین دەدرێت ئێمە نانۆهەڵگرێکمان پەرەپێداوە کە بەشێوەیەکی بەرچاو هەڵمژینی ئەنسۆلینی قەبارە نانۆ لەڕیخۆڵەدا زیاد دەکات کاتێک لەشانەکانی ڕیخۆڵەی مرۆڤدا تاقیدەکرێتەوە.

پشکنینی پێش کلینیکی لەنمونەی ئاژەڵدا دەرکەوتوە کە دوای خواردن، نانۆئەنسۆلین توانیویەتی ئاستی گلوکۆزی خوێن کۆنتڕۆڵ بکات بەبێ دابەزینی شەکری خوێن یان زیادبونی کێش. هەروەها هیچ ژەهراویبونێک نەبوە.

بڕیارە لەساڵی 2025 تاقیکردنەوەکان لەسەر مرۆڤ دەستپێبکات، کە لەلایەن کۆمپانیای Endo Axiom Pty Ltd سەرپەرشتیدەکرێت، کە کۆمپانیایەکە لەلایەن تیمی توێژینەوەکە دامەزراوە دوای 20 ساڵ لێکۆڵینەوە، لەلایەن پرۆفیسۆر ڤیکتۆریا کۆگەرو پرۆفیسۆر دەیڤید لی کوتۆرو دکتۆر هانت.

و: ئاکۆ ئاڵی

بەپەلە