یەکەم پیاو کە گورچیلەی بەرازی بۆ دانرا، گیانی لەدەستدا

تەندروستی

14/05/2024‌ 1509 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

خێزانی ڕیچارد سۆلۆمۆن، یەکەم پیاوی جیهان کە چاندنی گورچیلەی بەرازی ئەنجامدا، رایانگەیاند کە ڕۆژی شەممە کۆچی دوایی کردووە.


پیاوە تەمەن 62 ساڵەکە لە مانگی ئازاردا نەشتەرگەرییەکی چوار کاتژمێری لە نەخۆشخانەی گشتیی ماساشوستس بۆ ئەنجامدا و دوای دوو هەفتە نەخۆشخانەکەی بەجێهێشت.

پزیشکانی نەشتەرگەریی لە شاری بۆستن لە ویلایەتی ماساشوستس گورچیلەیەکیان چاندووە کە لە بەرازێک وەرگیراوە بۆ ناو جەستەی سولەیمان کە تووشی لەکارکەوتنی گورچیلە بووە .

ئەم نەشتەرگەرییە بە پێشینەیەکی پزیشکیی و چارەسەرێک بۆ کێشەی کەمیی درێژخایەنی بەخشەری ئەندامەکان دادەنرا، کە ئەمەش گرفتێکی گەورە بۆ زۆرێک لە نەخۆشەکان لە سەرتاسەری جیهاندا دروستدەکات.

بەپێی تۆڕی ئەی بی سی نیوزی ئەمریکی، نەخۆشخانەی گشتیی ماساشوستس جەختی لەوەکردۆتەوە کە هیچ ئاماژەیەک نییە کە مردنی لەناکاوی سلێمان بەهۆی چاندنی گورچیلەی بەرازەوە بووبێت .

نەخۆشخانەکە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، “تیمی چاندنی ئەندامەکانی جەستە بەقووڵی دڵتەنگن بە مردنی لەناکاوی بەڕێز ڕیک سۆلۆمۆن هیچ ئاماژەیەکمان نییە کە لە ئەنجامی چاندنی ئەندامەکانی ئەم دواییەیدا بووە .”

نەخۆشخانەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، سلێمان ساڵانێکی زۆرە بەدەست نەخۆشی شەکرەی جۆری دوو و بەرزبوونەوەی پەستانی خوێنەوە دەناڵێنێت ، تەنانەت لە کاتی چاندنەکەشیدا.

ڕوونیشیکردۆتەوە، ئەو کەسە ساڵانێکی زۆر بوو شۆردنی گورچیلەی بۆ دەکرێت، پێش ئەوەی لە کانوونی یەکەمی ساڵی 2018 لە نەخۆشخانەی گشتی ماساشوستس، گورچیلەیەک لە بەخشەرێکی مردووی مرۆڤەوە وەربگیرێت.

بەڵام دوای نزیکەی پێنج ساڵ گورچیلەکانی لەکارکەوتنەوە، هەربۆیە سولەیمان ناچار بوو لە مانگی ئایاری 2023 دەست بە شۆردنی گورچیلە بکاتەوە، کە نەخۆشخانەکە دەڵێت کاریگەری لەسەر کوالێتی ژیانی هەبووە.

هەر بەگوێره‌ى بەیاننامەکەی نەخۆشخانەکە، گورچیلە بەرازەکەش دەستکاری بۆماوەیی کراوە بەجۆرێک جینی زیانبەخشی بەرازەکە لاببرێت‌و هەندێک جینی مرۆڤی بۆ زیادکراوە بۆ باشترکردنی گونجانیان لەگەڵ مرۆڤدا.

پێشتر چاندنی گورچیلە لەبەرازی گۆڕدراوی بۆماوەیی لەسەر کەسێکی مردوو لەرووی کلینیکییەوە ئەنجامدراوە، کە تەنها دوو مانگ ژیاوە، سەبارەت بەکەسانی زیندوو، حاڵەتی سلێمان یەکەمجار بووە.

و: ئاکۆ ئاڵی

بەپەلە