شارپرێس-کەنداڵ جودی:
ئەندامی فەرماندەیی گشتیی یەپەژە ڕۆهیلات ئەفرین سەبارەت بە هەڕەشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ ئەنجامدانی هێرشی زەمینی دژی ڕۆژاڤای کوردستان ڕایگەیاند: "تورکیا ناتوانێت هێرشی زەمینی ئەنجام بدات بەبێ ڕەزامەندی ئەمریکا و ڕووسیا".
هەفتەی ڕابردوو سەرۆکی تورکیا بۆ جارێکی دیکە هەڕەشەی هێرشی زەمینی بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان کرد. هەر لەو هەفتەیەدا ئەنجومەنی گشتیی هەسەدە بە بەشداری فەرماندەی گشتی کۆبوونەوەیەکی هەمەلایەنەی ئەنجامدا و پرسی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان تاوتوێ کرا.
ڕۆهیلات ئەفرین ئەندامی فەرماندەیی گشتی یەکینەکانی پاراستنی ژنان یەپەژە کە ئامادەی کۆبوونەوەکە بوو، ئەگەری هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستانی هەڵسەنگاند.
لە سەرەتای قسەکانیدا، ڕۆهیلات ئەفرین بۆ شارپرێس ڕایگەیاند کە لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی گشتیی هەسەدە گفتوگۆی بەرفراوان کراوە و باس لەوە کرا کە بە پڕۆسەیەکی زۆر هەستیار و مەترسیداردا تێدەپەڕن، چونکە هەموو جیهان و بە تایبەتی ناوچەکە لە قەیراندایە. دوای شکستی ئەردۆغان لە دوایین هەڵبژاردنی شارەوانییەکان دەیەوێت چارەسەرێک بۆ خۆی بدۆزێتەوە و بۆ ئەمەش هێرش دەکاتە سەر ڕۆژاڤای کوردستان و هەمیشە ئەگەری هێرشی وشکانی هەیە.
لە وەڵامی پرسیارێکدا کە "ئایا تورکیا دەتوانێت بە تەنیا هێرش بکاتە سەر ڕۆژئاوای کوردستان؟" ناوبراو گوتی، "بەبێ ڕووسیا و ئەمریکا، تورکیا هێرشی زەمینی ئەنجام بدات، سەرکەوتوو نابێت، لە دیدارەکانمان لەگەڵ ئەمریکا و ڕووسیا، ئەم بابەتەمان لەگەڵیان تاوتوێ کردن، ئەوانیش دەڵێن ئەگەر هێرشی زەمینی لەلایەن تورکیاوە ڕووبدات، داعش دووبارە دەردەکەون و ئێستا چەکدارەکانی داعش لە زیندانەکان، دەبنە هەڕەشەیەکی گەورە بۆ سەر هەموو جیهان، لە لایەکی ترەوە دەوڵەتی تورکیا فشارێکی زۆر دەخاتە سەر ڕووسیا و ئەمریکا بۆ هێرشکردنە سەر ڕۆژاڤای کوردستان."
سەبارەت بە هەمان پرس، ڕۆهیلات عەفرین داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئەمریکا و ڕووسیا کرد کە ڕێگری لە تورکیا بکەن لە ئەنجامدانی هێرشی زەمینی و لە هەمان کاتدا هێرشەکانی ئێستای تورکیا بە فڕۆکەی جەنگی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ڕابگرن.
ئەو ئەندامەی فەرماندەیی گشتی یەپەژە، لە کۆتایی هەڵسەنگاندنەکەیدا ئاشکرای کرد کە لە بەرامبەر هەر هێرشێکی ئەگەری تورکیا، ئەوان وەک هێزە سەربازییەکانی (هەسەدە و یەپەژە) ڕێوشوێنی گەورەیان هەیە و ڕایگەیاند کە ناتوانن زیاتر ئارام بگرن بەرامبەر هێرشەکانی تورکیا و ڕێوشوێنی خۆپارێزییان هەیە.