یەکێتی: ئاڵوگۆڕی پۆستی پارێزگاری کەرکوک تەنها لەنێوان کوردو عەرەبدا دەبێت

کوردستان

11/06/2024‌ 1994 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سۆران داودی، رۆژنامەنووس و کادیری پێشکەوتووی یەکێتی لە کەرکووک ئاشکرایکرد، قبووڵکردنی ئاڵوگۆڕکردنی پۆستی پارێزگاری کەرکووک لەنێوان پێکهاتەکان لەلایەن یەکێتییەوە پەیوەستە بە مەرجێکەوە، کە ئەویش ئەوەیە ئەو پۆستە تەنیا لەنێوان هەردوو پێکهاتەی کورد و عەرەبدا دەستاودەست بکات.


داودی لەلێدوانێکی رۆژنامەوانییدا ئاشکرایکردووە کە پەسەندکردنی حیزبەکەیان لەسەر پێشنیاری ئاڵوگۆڕی پۆستی پارێزگاری کەرکووک و سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگا بۆ ماوەی دوو ساڵ لەنێوان پێکهاتەکاندا مەرجدارە.

باسی لەوەشکردووە کە یەکێتی مەرجی ئەوەی هەیە پۆستی پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەن تەنیا لەنێوان هەردوو پێکهاتەی کورد و عەرەبدا ئاڵوگۆڕی پێبکرێت، بەوپێیەی تورکمان تەنیا دوو کورسییان لە ئەنجوومەنی پارێزگادا هەیە.

داودی هەروەک بەدووری زانیوە دوای پشووی جەژنی قوربان کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگا بەڕێوەبچێت، بەوپێیەی ئەو بابەتە پێویستی بە سازانی پێکهاتە سەرەکییەکانی پارێزگاکە هەیە.

پێشتر، ڕێبوار تەها سەرۆکی کوتلەی یەکێتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک رایگەیاندبوو، حیزبەکەیان بە پێشنیازی ئاڵوگۆڕی پۆستی پارێزگاری کەرکووک لەنێوان پێکهاتەکانی پارێزگاکە رازیی بووە.

بەپەلە