ریفۆرمخوازەكان ئەنجومەنی داڕشتنی سیاسەتی كابینەی نوێی پزیشكیان پێكدەهێنن

جیهان

09/07/2024‌ 2623 جار خوێندراوه‌ته‌وه



ئەمڕۆ سێشەممە ماڵپەڕی “سێتنا” كە نزیكە لە بزووتنەوەی ڕیفۆرمخواز لە ئێران، پێكهێنانی ئەنجوومەنی داڕشتنی سیاسەتی كابینەی  مەسعوود پزیكشیان سەرۆك كۆماری هەڵبژێردراوی ئێرانی راگەیاند بە سەرۆكایەتیی ڕێبەری  بزووتنەوەی چاكسازیخوازی هیوا، محەمەد ڕەزا عارف، و ئەندامێتی محەمەد جەواد زەریف وەزیری پێشووتری دەرەوە و چوار كەسی دیكە.

ماڵپەڕەكە لە زاری سەرچاوە ئاگادارەكانەوە ڕایگەیاندووە، “محەممەد جەواد زەریف وەزیری پێشووتری دەرەوە لە ئەنجومەن بەرپرسیار دەبێت لە تیمی كاری سیاسی لە ئەنجومەنەكەدا”.

 ئاماژەی بەوەشكردووە، "تیمی كاری ئابووری لەلایەن وەزیری ئابووری لە حكومەتەكەی حەسەن ڕۆحانی، عەلی تەیبنیا سەرۆكایەتی دەكرێت" .

لە چوارچێوەیەكی پەیوەندیداردا، ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەكانی دەزگاكانی ڕاگەیاندنی ڕیفۆرمخوازان ئاشكرایان كردووە كە بۆ بواری سیاسەتی دەرەوە دیپلۆماتكاری دیار عەباس عێراقچی دیاریكراوە.

بە پێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی ئێران نوانس، “عێراقچی لە ماوەی ڕاگوزەردا لە ڕێگەی ڕەزا نەجەفی یاریدەدەری وەزیری دەرەوە بۆ كاروباری نێودەوڵەتی بابەتەكانی پەیوەست بە سیاسەتی دەرەوە لەگەڵ حكومەتی ئێستا هەماهەنگ دەكات”.

چاودێران پێشبینی دەكەن كە پێكهێنانی حكوومەتی ریفۆرمخوازی مەسعود پزیشكیان ژمارەیەكی زۆر لە وەزیرانی پێشووی كابینەكانی ڕووحانی و خاتەمی ‌و ئەوانی دیكە لەخۆ بگرێت.