لە ئەنجامی هێرشی سوپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سەر كۆمەڵێك كۆڵبەر لە شنۆ، كۆڵبەرێك بە ناوی ڕامین مورادی ناسراو بە ڕامین شكاك كوژرا و چەند كۆڵبەرێكی دیكەش بە سەختی بریندار بوون.
هەر وەها، بەهۆی دروستبوونی پێكدادان لەنێوانیاندا دوو ئەندامی سوپای پاسدارانیش بریندار بوونو هێزەكانی سوپا بە چەكی ئاڕ پی هێرشیان كردووەتە سەر ماڵی ئەو كۆڵبەرانە.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕامین شكاك، خەڵكی سەڵماس نزیك بە گوندی "تاژاندەر"ی شنۆ لە كاتی هێرشی سوپای پاسدارن بۆ ماڵی كۆڵبەرەكان كوژراوە و چەند كۆڵبەرێكی دیكەش بریندار بوون.
بە وتەی سەرچاوەیەكی ئاگادار، دوای كوژران و بریندار بوونی چەند كۆڵبەرێك تێكهەڵچوون لەنێوان هێزەكانی سوپا و كۆڵبەرەكان هاتووەتە ئاراوە و دوو پاسداریش بریندار بوون. ماڵی كۆڵبەرەكان لە كاتی هێرشی سوپای پاسداران بە چەكی ئاڕ پی جی بە تەواوی وێران بووە.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەش كردووە كە كۆڵبەرێكی بریندار، دوای شەڕێكی ٦كاتژمێری لەگەڵ سوپای پاسداران دەستبەسەركراوە و بۆ شوێنێكی نادیار گواستراوەتەوە.
لە لایەكی دیكەوە ئەسپ و هێسترەكانی كۆڵبەرەكان بە تەقەی سوپای پاسداران كوژراون و چەند ئەسپێكیش بریندار بوون.
هاووڵاتییانی كورد لە شارەكانی سەڵماس، ئورمیە و شارە كوردییەكانی دیكە بۆ كۆڵبەری كردن لە سنوورەكانی شنۆ لە گوندەكانی دەوروبەر خانوو بە كرێ دەگرن و بۆ پشوودان كەڵكی لێ وەردەگرن.
بە پێی دوایین زانیارییكان هێزەكانی سوپای پاسداران بە بیانووی هەبوونی هێزەكانی پارتی ژیانی ئازادی كوردستان (پژاك) لەو گوندە هێرشیان كردووەتە سەر ماڵی ئەو كۆڵبەرانە.