شارپرێس:
مهترسیهكى گهوره لهسهر عێراق ئاشكرادهكرێتو ئاژانسێكى فهرهنسیش دهڵێت، ئاو لهعێراق نامێنێتو زۆرینهى خاكهكهى دهبێته بیابان.
لەژێر ناونیشانی "بەبیابانبون لەعێراق...گەردەلولی خۆڵ هەڕەشە لەدانیشتوانی ناوچەکە دەکات"، ئاژانس فرانس پرێس ڕاپۆرتێکی ڤیدیۆیی بڵاوکردوهتەوەو ئاماژەی بەوەکردوە، ئاو لەعێراقدا تەواو دەبێتو نزیکەی نیوەی زەوییەکانی بەمەترسیی بەبیابانبونیان لەسەرە.
ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوەشکردوە، ساڵ لەدوای ساڵ دۆخەکە خراپتر دەبێتو ناوچە بیابانییە بەرفراوانەکان ژینگەیەک دروستدەکەن کە ڕوبەڕوی شەپۆلی خۆڵبارین ببێتەوە، ئەوەش دیاردەیەکی وێرانکەرو مەترسیدارە بۆ ئەو خەڵکەی لەوێ دەژینو وایان لێدەکات کە توشی ئاوارەبون ببن، بەمجۆرە گۆڕانکاریی دیمۆگرافی لەناوچە کشتوکاڵییەکاندا دروست ببێت.
لەڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەلێدوانی بەرپرسانی عێراقی لەوەزارەتی ژینگە کراوە کە ڕایانگەیاندوە، بەهۆی کەمبونەوەی ئەو ئاوەی لەئێرانو تورکیاوە دێت، ڕێژەی بیابانبون گەیشتوەتە نزیکەی 70%ی زەویو زارەکانی وڵات.
باسیان لهوهشكردوه، ڕێژەی بەبیابانبون لەپارێزگای نەجەف بۆ نمونە، بەبەراورد بەساڵی پێشوو بەهۆی کەمئاوییەوە بەڕێژەی 5% زیادیکردوە، لەئەنجامدا دانیشتوانی سەر زەوییە کشتوکاڵییەکان ئاوارەبون.
بەرنامەی گەشەپێدانی نەتەوەیەکگرتوەکان لەعێراق جەختی لەوەکردوهتەوە، ناوچەی زۆنگاوەکان زۆرترین زیانی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوایان بەرکەوتوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، وڵاتەکەی ساڵانە نزیکەی 400 هەزار دۆنم زەوی کشتوکاڵی بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا لەدەستدەدات.
شارەزایان بەئاژانسی فرانس پرێسیان وتوه، وشکەساڵیو کەمی ئاو ڕۆڵیان هەبوە لەکەمبونەوەی بەرچاوی ڕوبەری چێنراو، ئەمەش بوەتە هۆی زیادبونی ڕوبەری زەوییە بیابانییەکان، بەتایبەتی کە ئاستی هاتنی ئاو لەتورکیاوە لەحەوزی ڕوباری دیجلە کەمتر لە 200 مەتر سێجا لەچرکەیەکداو لەفوراتدا 150 مەتر سێجایە لهچرکەیەکدا، بەبەراورد بەپێشوتر کە 500 مەتر سێجا بوو لەچرکەیەکدا.
