نان‌و کەرامەت.. بەهای خاک‌و سەروەری خەڵک

مەلەفی تایبەت

11/07/2024‌ 3390 جار خوێندراوه‌ته‌وه

ستران عەبدوڵڵا

بابەتی موچەو کەرامەت
نان و کەرامەت، خاک و خەڵک بابەتگەلی جیاوازن و لێک نزیکیشن. دەکرێ تەواوکاری یەکتری بن، بەڵام هەرگیز باش نییە بەرامبەر یەک دابنێرن.
کارێکی ناپەسەندە و شتێکە وەک لێقرتاندن وقۆڵبادان و بە بارمتەگرتنی مافە رەواکان و کەرت کردنیان .
جا سەیرە لە کۆیە و لە تێکڕای کوردستانیش کە بێین  بە پلایس گۆشت و نینۆکی ماف و داخوازییەکان لێک جیا بکەینەوە و بڵێین : یان ئەمە، یان ئەوە! ئەمە هیچ بژاردەیەکی باش نییە، بەتایبەتی بەرامبەر گەلی کوردستان کە هەموو قوربانی و گیانبازییەکی کردووە بۆ رزگاری وڵات و حوکمی خۆبەخۆ لە چوارچێوەی قەوارەیەکی دەستوری کوردستانیدا.

ڕاستێکەی ئەوەیە لائیحەی مافە هاوچەرخەکان هەمووی تیایە، نان و کەرامەت، موچە و بودجە، ژیانی بە روومەت و شەرافەتمەندانەی خەڵک و خاوەندارێتی لە خاکی کوردستانیش.  گشتیان پێکەوە باشن و پێکەوە بەها و نرخ پەیدا دەکەن.

حزبەکان و سیاسەتە حەریفەکان و دامەزراوە رەسمییەکانی نیشتمان لە حکومەت و پەرلەمان ئیشیان ئەوەیە ئەم لائیحەیە جێبەچێ بکەن.
 
لە مەمالیکەکانی دونیا ، هەرێم بن یان دەوڵەت ، کۆمەڵانی خەڵک خەریکی کار و کەسابەتی خۆیانن و بە دەنگدان و بە شایەتمان تەفویز و وەکالەتیان داوەتە هێزە سیاسییەکان و ژوور و هەیوانە خوشناو و جوان و سەنگینەکانیان بۆ ئەوەی ئەم ئەرکە نیشتمانیانە رایی بکەن و بیکەنە خەڵاتی گشتی میللەتەکەیان . لە هەمووشی گرنگتر هێزی نموونە و چاولێکردن زۆر گرنگە. ئەی پەیامە زۆر پایەدار دەبێ ئەگەر گەورەکان خۆیان لە ژیان و گوزەرانی خۆیاندا دەستپێشخەر بن و بیکەنە  مۆدێلی شایانی ئەشهەدومابیللا.

دەشێ لائیحەی مافەکان،  چ دەستوری گەل پەسەند یان هی دابودەستوری سیاسی کۆمەڵ بن ، قۆناغبەند بکرێن و پەیتا پەیتا کاری بۆ بکرێت. لەم میانەدا میللەتەکەمان سەبری ئەیوبی هەیە، ئەم میللەتە چەندین دەیەیە بە ژیری و حەوسەڵەوە مامەڵە دەکات . بەڵام قۆناغبەندکردن جیاوازە لە پەکخستن و بە یەکدا هەڵبژانی مافەکان و گۆڕینەوەیان بە ئەمە یان ئەویتر. جیایە لە بە بارمتەگرتنیان و بژارکردنی ناڕەوا. مافەکان یەک پاکێچی روون و رەوان و هەق نییە هانی بەر یەککەوتنیان بدەین.