تورکیا چاوی لەوەیه ئەمریکا بزوێنەری فڕۆکەی KAANی بۆ دابین بکات

جیهان

29/07/2024‌ 1362 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

کۆمپانیای پیشەسازیی فڕۆکەوانیی تورکیا (تای یان توساش) ڕایگەیاند، زۆر دڵنیایە کە ئەمریکا داواکارییەکەی بۆ بزوێنەری فڕۆکەی جەنگیی نەوەی پێنجەمی "قان"و فڕۆکەی شەڕکەری سوکی "هورجێت" پەسەند دەکات کە لەئێستادا لەقۆناغی پەرەپێداندان.


لەچاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ پۆرتاڵی بەرگریی تورکیا، SavunmaSanayiST.com، لەپێشانگه‌ی ئاسمانی فارنبۆرۆ، مەهمەت دەمیرۆغڵو بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای TAI گەشبینی خۆی دەربڕی سەبارەت بەبەدەستهێنانی ڕەزامەندی پێویست بۆ بزوێنەرەکە.

دەمیرۆئۆغڵو دەڵێت:"بزوێنەری فڕۆکە پێکهاتەی گرنگە"، لەئێستادا بزوێنەری فڕۆکە جەنگییەکانی KAAN و HURJET چاوەڕێی پەسەندکردنی کۆنگرێسی ئەمریکان. ئاماژەی بەوەشکردوە، “لەمکاتەدا چاوەڕوانی هیچ کێشەیەک ناکەن".

ئاماژەی بەوەشکردوە، "ئەم پرۆسەیە ڕەنگە هەندێکجار کاتێکی بخایەنێت".

لەسەرەتای ئەمساڵدا واشنتۆن فەرمانی تورکیای بۆ دروستکردنی 40 فڕۆکەی جەنگی نوێی ئێف 16و مۆدێرنکردنی 80 فڕۆکەی ئێف 16 کۆنتر بەبەهای 23 ملیار دۆلار پەسەندکرد، ئەمەش دوای ئەوەی ئەنكەرە یاسایەکی پەسەندکرد کە ڕێگەی بەسوید داوە پەیوەندی بەناتۆوە بکات.

ئەم پەسەندکردنە ناکۆکییەکی درێژخایەنی نێوان ئەنكەرەو واشنتۆنی لەسەر کڕینی فڕۆکەی ئێف 16 چارەسەرکرد.

دیمیرۆگلو جەختی لەوەکردەوە، ئەگەر داواکاری بۆ بزوێنەر بۆ KAAN و HURJET سەرکەوتوو نەبێت، TAI بەدوای چارەسەری بەدیلدا دەگەڕێت.

ئاماژەی بەوەشکردوە، “ئێمە ڕێوشوێنی خۆمان دەگرینەبەر، لێرەدا ناوەستین، یان بزوێنەری نوێ دەدۆزینەوە یان بزوێنەری خۆمان پەرەپێدەدەین، ئێمە پێشتر بزوێنەری تایبەت بەخۆمان بۆ فڕۆکەی KAAN پەرەپێداوە، هەروەها هەمان شت بۆ فڕۆکە شەڕکەرە سووکەکانی HURJET دەکەین."

جەختیشیکردەوە، “واز لەبەرنامەی گەشەپێدانی قان ناهێنین".

هەردوو بزوێنەری F110 بۆ فڕۆکە جەنگییەکانی KAAN و بزوێنەری F404 بۆ فڕۆکە جەنگییە سوکەکانی HURJET لەلایەن کۆمپانیای ئەمریکی General Electric (GE) پەرەی پێدراوە.

پێشتر تورکیا 100 بزوێنەری F404ی بۆ فڕۆکەکانی HURJET داواکردبوو داوای بەرهەمهێنانی بزوێنەریF110ی لەناوخۆی تورکیادا کردبوو بۆ ئەوەی خواستی ناوخۆیی دابین بکات.

وەک ڕێکارێکی کاتی تورکیا داوای مۆڵەتی لەئەمریکا کردوە بۆ بەرهەمهێنانی وەشانی GE-129ی بزوێنەری F110 لەناوخۆدا بەمۆڵەت.

تورکیا بەنیازە بزوێنەری GE-129 لە وەجبەی یەکەمی فڕۆکە جەنگییەکانی نەوەی پێنجەمی KAAN بەکاربهێنێت پێش ئەوەی بگوازرێتەوە بۆ بزوێنەری بەرهەمهێنراوی ناوخۆیی.

بزوێنەری GE-129 لە فڕۆکەی جەنگی F-15 بەکاردەهێنرێت، وەشانی GE-110 لە فڕۆکەی F-16 بەکاردەهێنرێت کە هاوکات لەلایەن هێزی ئاسمانی تورکیاوە کاردەکرێت.

ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە پێدەچێت وەجبەی یەکەمی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیای کان لە هەمان بزوێنەری F-15 بەکاربهێنن.

داواکاری بەرهەمهێنانی بزوێنەری GE-129 بە مۆڵەت لە تورکیا دوای ڕێککەوتنی کۆمپانیای توساس ئینجینی ئیندستریز (TEI)ی تورکی و کۆمپانیای جی ئێی ئایرۆسپەیسی ئەمریکی دێت.

پرۆژەی TEI کە کۆمپانیایەکی هاوبەشی نێوان پیشەسازییەکانی فڕۆکەوانیی تورکیا و کۆمپانیای جی ئێی ئایرۆسپەیسە، لەگەڵ هاوبەشە ناوخۆییەکانی دیکە، ئامانجی دڵنیابوونە لە خۆبژێوی تورکیا لە بەرهەمهێنانی فڕۆکە و بزوێنەری مووشەکیدا.

جگە لە دروستکردنی بزوێنەری GE-110 بە مۆڵەت، کۆمپانیای TEI بزوێنەر بۆ هێلیکۆپتەری T-70 (وەشانەکانی ناوخۆی S-70) و بزوێنەری LHTEC کە لە هێلیکۆپتەرە هێرشبەرەکەی T129 ATAK ی کۆمپانیای TAI بەکاردەهێنرێت، بەرهەم دەهێنێت.