كیم جۆن ئون سه‌رپه‌رشتى ڕزگاركردنى هاوڵاتیان ده‌كات

جیهان

29/07/2024‌ 794 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەهۆی ئەو شەپۆلە بارانەی باکووری ڕۆژئاوای کۆریای باکووری گرتووەتەوە، لافاو چەندین ناوچەیەکی داپۆشیوەو تیمەکانی فریاگوزاریش نزیکەی پێنج هەزار کەسیان لەمەترسی ڕزگارکردووە، کیم جۆن ئون سەرۆکی کۆریای باکوور بۆ خۆی ڕاستەوخۆ سەرپەرشتی تیمەکان دەکات.



ئاژانسی هەواڵی فەرمیی کۆریای باکوور بڵاویکردووەتەوە "ئەو شەپۆلە بارانەی شەممە دایکردووە، بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ڕووبارێکی سنووری نێوان کۆریای باکوور - چین‌و بەهۆیەوە لافاو هەستاوەو دۆخێکی مەترسیداری دروستکردووە".

حکوومەتی کۆریای باکوور بە 10 هێلیکۆپتەری سەربازیی‌و چەندان بەلەمەوە پرۆسەی چۆڵکردن‌و ڕاگواستنی دانیشتووانی شاری سێنوێجۆو شارۆچکەی ئۆریجۆیان دەستپێکردووە، تائێستاش حکوومەتی پیونگ یانگ قەبارەی زیانەکانی بڵاونەکردووەتەوە.

بەگوێرەی زانیارییەکان، تیمەکانی فریاگوزاری لەڕێگەی ئاسمان‌و ئاوییەوە پێنج هەزار کەسیان ڕزگارکردووە کە ڕاستەوخۆ کیم جون ئون سەرۆکی کۆریای باکوور سەرپەشتی پرۆسەکە دەکات‌و فەرمانیداوە خواردن‌و پێداویستی بەسەر هەموو زیانمەندان دابەشبکرێت.