ئه‌مریكا هۆشداریى له‌شه‌ڕێكى گه‌وره‌و قورس ده‌دات

جیهان

30/07/2024‌ 3378 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

زیادبونی گرژییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست‌و ترسی فراوانبونی شەڕ، ئەمریکای ناچارکردوە بەڕاست‌و چەپ هۆشداریی بدات.


ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریکی، لەزاری چەند بەرپرسێکی ئەمریکا ڕایگەیاند، ئیدارەی بایدن تارانی ئاگادارکردوەتەوە کە هۆشداریی بداتە گروپە چەکدارەکانی‌و خۆیان لەزیادکردنی گرژییەکانی ناوچەکە دوربگرن.

لەلایەکی دیکەشەوە ئەمریکا هۆشداریداوەتە ئیسرائیل، ئەگەر لەپێگەکانی حزبوڵڵا لەبەیروت بدات، دۆخەکە لەکۆنترۆڵ دەردەچێت.

دوای هێرشەکانی سەر عەین ئەسەد‌و مەجدەل شەمس، ئەمریکا هۆشداریدەدات‌و داوای هێورکردنەوەی دۆخەکە دەکات.

لەلایەکی دیکەشەوە، پێگەی ئەکسیۆسی ئەمریکی لەزاری دوو بەرپرسی ئیسرائیلی‌و ئەمریکیه‌وه‌ ئاشکرایکردوە، ئەمریکا هۆشداریداوەتە ئیسرائیل، ئەگەر لەوەڵامی هێرشەکەی سەر مەجدەل شەمس هێرشبکاتەسەر پێگەکانی حزبوڵڵا لەبەیروت، دۆخەکە لەکۆنترۆڵ دەردەچێت.

دوای زیاتر لەچوار مانگ بێدەنگی، هێدى هێدى هێرشی گروپە چەکدارەکان بۆسەر بنکەو هێزەکانی ئەمریکا لەعێراق دەستیانپێکردوەتەوە تەنها لەدوو هەفتەی ڕابردودا دوجار بەموشەک‌و درۆن هێرشکراوەتەسەر بنکەی عەین ئەسەد لەڕۆژئاوای عێراق.

ئەمریکاش لەچوارچێوەی ئەرکی هێزەکانی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکاو بۆ پاراستنی بنکەو هێزەکانیان لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەفتەی ڕابردوو، دوو فڕۆکەی جەنگی بی-52ی ڕەوانەی ناوچەکە کردو بۆ 32 کاتژمێر لەئاسمانی ناوچەکە سوڕانەوە.

ئەمریکا لەبەردەم گرنگترین گۆڕانی سیاسیدایە، ئەویش هەڵبژاردنی سەرۆکایەتییە، هەربۆیەش ئیدارەی بایدن هەموو هەوڵێکدەدات بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە، چونکە زیادبونی گرژییەکان‌و هەڵگیرسانی شەڕێکی دیکە لەناوچەکە، لەبەرژەوەندیی هیچ کەسێکدا نییە.