شارپرێس:
لێکس فریدمان نوسەری یەکێک لەبەناوبانگترین ڤلۆگەکانی تەکنەلۆژیا لەیوتیوب، چاوپێکەوتنی لەگەڵ ئیلۆن ماسک ئەنجامداوەو تێیدا پرسیاری ئەوەی لەماسک کردوە کە ئایا زیرەکیی دەستکرد مەترسیی لەسەر مرۆڤایەتیی دروستدەکات؟.
ماسک لەوەڵامدا وتویەتی:"من پێموایە مەترسیی ڕاپەڕینی ئامێرەکان لەسەدا 20 تێناپەڕێت بەڕای من گرنگترین شت لەڕاهێنانی زیرەکی دەستکرددا پابەندبونە بەڕاستییەوە، جا ئەم ڕاستییە لەڕوی سیاسییەوە ڕاست بێت یان نا".
هەروەک دەڵێت:"بۆ نمونە ئەگەر داوا لە Gemini (چاتبۆتی گووگڵ) بکەیت وێنەی باوکانی دامەزرێنەری ئەمریکات پیشانبدات، ئەوا جۆرەها ژنت پیشاندەدات، بەڵێ، ڕەچاوکردنی یەکسانییو ڕزگاری هەیە، بەڵام لەڕاستیدا ئەمە ڕاست نییە".
ئەو دەڵێت: "ئەگەزیرەکیی دەستکرد ناچاربکەیت درۆبکات، ئەوا کێشەیەکی گەورە دروستدەکەیت، تەنانەت ئەگەر درۆکردنەکە بەنیازێکی باشیشەوە ئەنجامبدرێت".
ئاماژەی بەوەشکردوە، “من پێموایە بەرنامەدانان بۆ زیرەکیی دەستکرد بۆ لادان لەحەقیقەت زۆر مەترسیدارە، چونکە کاتێک تۆڕی دەماری دەبێتە لوتکەی زیرەکیی، دەتوانێت هەموو شتێک لەناوببات کە لەگەڵ بیرۆکەکانی فرەچەشنی سێکسیو ڕەگەزییو ڕاستگۆیی سیاسیدا ناگونجێتو دروستکردنی جیهانێک کە لەواقیعدا بونی نییە".
و: ئاکۆ ئاڵی