عەلی حەمەساڵح بڕیاردەری ڕەوتی هەڵوێست ئاشکرایکرد لە مانگی سێی ئەمساڵەوە تا مانگی حەوت داواکاری هەرێم بۆ مووچە لە 913 ملیار دینارەوە بۆ زۆرتر لە تریلیۆنێک دینار زیادیکردووە.
هەروەها عەلی حەمەساڵح لە لێدوانێکدا ڕونیکردەوە حکومەتی هەرێم دامەزراندنی نوێی کردووەتەوە بۆ هێزە ئەمنییەکان و تائێستاش ناونووسین بەردەوامی پێدراوە لەبارەگا حیزبییەکان، بەغدا لێکۆڵینەوە لەمە دەکات کە چۆن کراوە لە کاتێکدا دامەزراندن بۆ وانەبێژان و گرێبەستەکان نییە، بۆیە کێشەی گەورە لە لیستی مووچەی هێزە ئەمنییەکان هەیە.
ئاشکراشیکردووە ڕۆژانە 320 هەزار بەرمیل نەوت دەفرۆشرێت بەدرێژایی ئەمساڵ داهاتەکەی نەدەچێتەوە بۆ حکومەتی هەرێم نە بەغدا و دیار نییە، داهاتی ناوخۆی مانگەکانی پێنج و شەشیش دیارنییه.
لەبارەی مووچەی خانەنشینان دەڵێت، داوای هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینانی هەرێم کراوە بەیاسای عێراقی، بەڵام سندوقی خانەنشینی هەرێم پارەی تێدانییە، بەغدا دەڵێت ئێوە پارەی خانەنشینیتان لەفەرمانبەران بڕیوە، بەڵام سندوقەکە هیچی تێدانییە، ئەی چۆن لەپارەی خانەنشینی عێراق زیادەی ئەو هاوتاکردنە خەرج بکرێت.