ئۆكرانیا ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند هێزەكانی بەشداربووی هێرشی سەر هەرێمی كورسكی ڕوسیا توانیان شارێك و 82 گوند و زیاتر لە هەزار كیلۆمەتر چوارگۆشە كۆنترۆڵ بكەن.
ڤۆلۆدیمیر زێلێنسكی، سەرۆكی ئۆكرانیا كۆنترۆڵی تەواوی شاری سۆدجای لە هەرێمی كورسكی ڕوسیا ڕاگەیاند.
زێلێنسكی دەڵێت "ڕاپۆرتی تەواوبوونی ئازادكردنی شاری سۆدجای لە دەستی هێزی سەربازیی ڕوسیا ڕاگەیەندراوە، ئەمەش گەورەترین سەركەوتنە بۆ هێزەكانی ئۆكرانیا لە سەرەتای هێرشەكەیانەوە لە ناوچەی سنووری كۆرسك".
ئەمەش دوای چەند كاتژمێرێك دێت لە ڕاگەیاندنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی شارۆچكەیەك لەلایەن هێزەكانی ڕوسیاوە لە كورسك كە ئۆكرانیەكان كۆنترۆڵیان كردبوو.
وەزارەتی بەرگری ڕوسیا، ئەمڕۆ پێنجشەممە لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند، هێزەكانی ڕوسیا توانیان شارۆچكەی كرۆبێتس ئازاد بكەن و هێزە ئۆكرانییەكانی شوێنەكە لەناوببەن.