هیچ پاره‌یه‌ك بۆ هه‌رێم ته‌رخان نه‌كراوه‌..ده‌ستكاریى خشته‌ى بودجه‌ ده‌كرێت

کوردستان

03/09/2024‌ 5145 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق ئاشکرایدەکات، چەند لایەنێکی سیاسی، بۆ بەرژەوەندیی پارێزگاکانی خۆیان، دەستکاریی خشتەی بودجە دەکەن، دەشڵێت:"لیژنەکانی لێکۆڵینەوە لەو زیادبونەی لەخشتەی بودجە کراوە، کاری خۆیان نەکردوەو کارەکانیان پشتگوێخستوە".


شێروان دووبەردانی ئەندامی پەرلەمانی عێراق له‌فراكسیۆنى پارتى له‌ڕێگه‌ى میدیاى نزیك له‌حزبه‌كه‌یه‌وه‌ ئاشكرایكردوه‌، "دوای ناردنی خشتەی بودجەی 2024 لەئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بۆ په‌رله‌مان بۆ پەسەندکردنی، پاش چەندین کۆبونەوەی لیژنەی دارایی، بڕیاردرا سیاسییەکانی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت دەستکاریی خشتەکە نەکەن، هەندێ لەئەندام پەرلەمانەکانی سەر بەپارێزگاکانی ناوەڕاست‌و باشوری عێراق، سکاڵایان هەبوو لەبارەی ئەو پارەیەی دابینکراوە بۆ پارێزگاکانیان کەمە".

ده‌شڵێت:"پێویستە هەندێ گۆڕانکاریی بکرێت، بۆیە دەنگمان لەسەر گواستنەوەی دوو ترلیۆن‌و 500 ملیار دا وەک دەسەڵاتی سەرۆک وەزیران بۆ پارێزگاکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، دوای پەسەندکردن، خشتە کە لای سەرۆک پەرلەمان‌و ئەمینداری پەرلەمان ئیمزاکراو سەرۆک کۆمار پەسەندیکردو گەیشتە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، لەوێ  دەستکاریکراو  14 ترلیۆن‌و 500 ملیار دینار زیادکرا، هەندێک پێیانوایە لەلایەن پەرلەمانەوە دەستکاریی کراوە،

به‌وته‌ى دووبەردانی، "دوای ساڵی 2012 تا ئەمڕۆ وەکو پەرلەمان‌و دەستورو یاسا، ژمێرەی کۆتایی لەعێراق لای حکومەت بۆ په‌رله‌مان نەنێردراوە، ئەو خەرجیانەی حکومەت دەیکات، هیچ چاودێرییەکی بۆ نییە، ئەمە پەسەندمان لەسەر نزیکەی 199 ترلیۆن دینار کردوە، خەرجییەکانی حکومەت 206 ترلیۆن دینارە، خشتەی ئەمساڵ کە 211 ترلیۆن دینارە، پاشان گەیشتە په‌رله‌مان، زیاتر لە 14 ترلیۆن‌و 500 ملیار دینار زیاد بوە، پێویستە لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە پێک بێت لەسەر ئەو گۆڕانکاریانە".

شێروان دووبەردانی جه‌ختیشیكرده‌وه‌، "بودجەی سێ ساڵیی کە لە 2023 پەسەندمان کرد، بۆ ئەوەبوو حکومەت ڕزگاربێت لەجێبەجێکردنی مادەکانی بودجە، دەبینین  هەموو ساڵێک، نیوەی ساڵ  ناردنی خشتەی بودجە لەلایەن حکومەت بۆ پەرلەمان کێشەی تێدەکەوێت، ئەوەش ئەوە کاریگەریی لەحکومەت‌و شایستە داراییەکانی هەرێم دروستکردوە جگە لەموچە کە هەموو مانگێک بەبیانویه‌ک ناردنی دوای دەخەن".

دووبەردانی دەڵێت:"هیچ لێژنەیەک کاری خۆی نەکردوەو هیچ ئەنجامێکی نەبوە، هیچ بودجەیەک بۆ پەرەپێدان‌و قەرەبوی هاوڵاتییان بۆ هەرێم نەهاتوە، وەزارەتی پەروەردەی عێراق موچەی لەهەموو فەرمانبەرانی عێراق‌و هەرێمی کوردستان زیاترە".