به‌گوێره‌ى ڕێكه‌وتنێكى نوێى به‌غداو واشنتۆن سه‌ربازانى ئه‌مریكا بۆ هه‌ولێر ده‌كشێنه‌وه‌

کوردستان

08/09/2024‌ 10110 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

پێگەیەكی بەریتانی، ڕێككەوتنێكى نوێى نێوان بەغداو واشنتۆنى ئاشكراكردوه‌و باسى له‌وه‌كردوه‌، هێزه‌كانى ئەمریكا بۆ یەك ساڵ لەهەولێر دەمێننەوە، جه‌خت له‌وه‌شكراوه‌ته‌وه‌، هەولێر بۆ پشتیوانی هێزەكانی ئەمریكا لەباكوری سوریا (ڕۆژئاواى كوردستان) یەكلاكەرەیەو لەهەنگاوی یەكەمیشدا لەبنكەی عەین ئەسەد دەكشێنەوە".


پێگەی (میدل ئیست ئی) بەریتانی باسى له‌وه‌كردوه‌، دانوستانكارە عێراقی‌و ئەمریكییەكان ڕێككەوتون لەسەر پلانی كشانەوەی سوپای ئەمریكا لەعێراق، بەڵام هێشتا ڕێككەوتنەكە پێویستی بەگڵۆپی سەوزی كۆتاییە، لەلایەن سەركردەكانی بەغداو واشنتۆنەوە.

ئه‌وه‌ش هاتوه‌، "پێدەچێت ئەم هەنگاوە، لەلایەن ڕەخنەگرانی جەنگە بێ كۆتاییەكانی واشنتۆنەوە، جێگەی پێشوازیبێت، لەهەمانكاتدا ڕەنگە ببێتە جێگەی مەترسی لەنێو دروستكەرانی بڕیاری سیاسی ئەمریكاو هاوپەیمانەكانیان لەناوچەكە، ئەوانەی چاویان لەسەر هەژمونی ئێرانە".

ئاماژه‌ به‌وه‌شكراوه‌، "دەركردنی هێزەكانی ئەمریكا ئەمریكا لەعێراق، بەئامانجێكی دورمەودای ئێران دادەنرێت، كە خاوەنی هەژمونێكی گەورەیە بەسەر دراوسێیەكەیدا، لەبواری وزەو ئایین‌و میلیشیا چەكدارەكان".

له‌به‌شێكى دیكه‌ى ئه‌و ڕاپۆرته‌دا هاتوه‌، "بەگوێرەی ئەو پلانەی عێراق‌و ئه‌مریكا لەسەری ڕێككەوتون، سەرجەم هێزەكانی هاوپەیمانان بەسەرۆكایەتی ئەمریكا لەبنكەی عەین ئەسەدی ئاسمانی لەپارێزگای ئەنبار دەكشێنەوەو بڕیارە هێزەكانی ئەمریكاو هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەهەولێر بمێنێتەوە، بۆ ماوەی تەنها یەك ساڵ، كشانەوەی ئەمریكا لەو ناوچەیە وادەكات بونی سەربازی ئەمریكا لەباكوری سوریا درێژە نەكێشێت".

لاى خۆیشیه‌وه‌ ئەندرۆ تابلەر بەڕێوەبەری پێشوی كاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی وتویه‌تى:"هەولێر یەكلاكەرەوەیە بۆ پشتیوانی سوریا، ویلایەتە یەكگرتوەكان پێویستی بەتوانای جوڵپێكردنی هێزەكانی‌و گەیاندنی هاوكاریی هەیە، لەڕێگه‌ی وشكانی نێوان سنوری عێراق‌و سوریا، پاساوی یاسایی ویلایەتە یەكگرتووەكانیش بۆ بونی لەسوریا، كە نزیكەی (900) سەربازی لەوێ‌ هەیە، پاڵپشتە بەو ڕێككەوتنەی نێوان واشنتۆن‌و بەغدا".

هێزەكانی ئەمریكا بەشێوەیەكی فەرمی لەعێراق‌و سوریان لەپێناو شكستپێهێنانی هەمیشەیی داعش، بەڵام لەهەمانكاتدا وا تەماشای ئەو بونە دەكرێت، كە بەربەستێكی ستراتیژی بێت لەبەردەم ئێران‌و گروپەكانی هاوپەیمانی.

باس له‌وه‌شكراوه‌، ئەگەر هێزەكانی ئەمریكا بكشێنەوە، ئەوا لەكاتێكدا ئەوكارە دەكەن كە هێزی تری هەرێمایەتی، هەژمونی سەربازی بەسەر حكومەتی لاوازی عێراقدا تاقیدەكاتەوە.