نەخۆشیی "کرۆن" چییەو مەترسییەکانی لەچیدایە؟

تەندروستی

10/09/2024‌ 201 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دکتۆرە یەکترینا کشوخ پزیشکی نەخۆشییە هەناوییەکان لەڕوسیا باسی لەوەکردوە، نەخۆشیی کرۆن نەخۆشییەکی درێژخایەنی کۆئەندامی هەرسە‌و دەکرێت لەدەمەوە تا ڕیخۆڵەئەستورە توشی نەخۆشییەکە ببێت، ئەم نەخۆشییە دەبێتە هۆی برینداربونی لینجە پەردەی کۆئەندامی هەرس، کە لەوانەیە قوڵتربێتەوەو بگۆڕێت بۆ فیستۆلاو کاتێک چاک دەبێتەوە، دەبێتە هۆی دروستبونی پەڵەی زبرو دەبێتە هۆی شێواندن‌و ئەستوربونی دیوارەکانی کۆئەندامی هەرس.


نیشانە باوەکانی نەخۆشییەکە بریتین لە:
ـ ئازاری سک
ـ سکچون
ـ دڵتێکەڵهاتن‌و ڕشانەوە
ـ نەمانی ئارەزوی خواردن‌و دابەزینی کێشی لەش
ـ لاوازی گشتیی جەستە

هەروەها لەوانەیە نیشانەکانی دەرەوەی کۆئەندامی هەرسی لەگەڵیدا بێت، وەک: تا، پەڵەی چڵکدار لەپێست، هەوکردنی جومگەکان‌و هەوکردنی پێڵوی چاو.

هۆکارەکانی مەترسی:
ـ هۆکاری بۆماوەیی
ـ لاوازبوون یان تێکچونی سیستەمی بەرگری لەش: لەش بەکتریاو ماددە خۆراکیەکان بەتەنی نامۆ دەزانێت، ئەمەش دەبێتە هۆی کۆبونەوەی خڕۆکە سپییەکانی خوێن‌و ڕودانی هەوکردن.
ـ ناهاوسەنگی بەکتریا لەڕیخۆڵەکاندا.
ـ جگەرەکێشان، مەی، پیسبونی ژینگەو هەندێک دەرمان.

لێکەوتەکان:
کەمتەرخەمکردن لەچارەسەرکردنی نەخۆشییەکە دەبێتە هۆی ئاڵۆزیی تەندروستیی وەک:
ـ هەوکردنی ناوپۆشی سک.
ـ خوێنبەربونی ڕیخۆڵە.
ـ گیرانی ڕیخۆڵە.

چارەسەر:
بەکارهێنانی دەرمانی دژە هەوکردن‌و سەرکوتکەری بەرگریی‌و هەندێکجار دژە زیندەیی لەخۆدەگرێت، جگە لەپەیڕەوکردنی ڕێجیمێکی تایبەت، هەرچەندە نەخۆشییەکە بەتەواوی چارەسەر نابێت، بەڵام ئامانجی چارەسەرکردن بریتییە لەڕێگریکردن لەدەرکەوتنی نیشانەکانی‌و خراپتربونی حاڵەتەکە.

و: ئاکۆ ئاڵی