بۆ پرسى موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران وه‌فدێكى هه‌ولێر له‌به‌غدایه‌

کوردستان

24/09/2024‌ 635 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

وه‌فدێكى تەکنیکى وەزارەتى دارایی‌و ئابورى حكومه‌تى هەرێم لەبەغدان بۆ تاووتوێکردنى دوو پرس، لیستى موچەى دوو مانگیان بەهاوتاکراوى بردوەو دەشیانەوێت ئەو 243 ملیار دینارە بنێردرێت کە لەتەواوکردنى موچەى ئاب نەنێردراوە.


میدیاى نزیك له‌پارتى زانیاریی له‌وباره‌یه‌وه‌ ئاشكراكردوه‌و نوسیویه‌تى:"بەگوێرەى زانیارییه‌كان كه‌ لەحکومەتى هەرێمه‌وه‌ دەستكه‌وتون، تیمێکى تەکنیکیی وەزارەتى دارایی‌و ئابوریى حکومەتى هەرێم لە 23ى ئەیلولەوە لەبەغدان‌و لەگەڵ بەرپرسانى وەزارەتى دارایی فیدراڵ چەند کۆبونەوەیەکیان کردوە".
 
وه‌فده‌كه‌ بۆ دوو ئامانج چونەتە بەغدا، لیستى موچەى مانگەکانى ئاب‌و ئەیلولی هەرێمى کوردستانیان لەگەڵ خۆیان بردوە، کارى دوەمیان ئەوەیە کە وەزارەتى دارایی فیدراڵ قایل بکەن ئەو 243 ملیار دینارە بنێرن، کە لەگەڵ تەواوکردنى موچەى ئەو دوو مانگەدا نەیانناردوە.
 
ڕۆژی 22ى ئەیلول، وەزارەتى دارایی عێراق 572 ملیار دینارى خستەسەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی هەرێم بۆ تەواوکردنی موچەی مانگەکانی تەمموزو ئاب‌و بەو 183 ملیار دینارەى  کە ماوەتەوە لەو بڕە پارەیەى کە پێشتر نێردرابوو بۆ موچەى ئەو دوو مانگە، 755 ملیار دینار بەردەستە بۆ دابەشکردنى موچە، لەکاتێکدا موچەى مانگێکى هەرێم بەهاوتاکردنى موچەى خانەنشینانەوە، زیاتر لە 998 ملیار دینارى پێویستە.
 
سەرچاوەیەک لەحکومەتى هەرێم ئاشكرایكردوه‌، هەر کە ڕێککەوتن کراو ئەو 243 ملیار دینارە نێردرا، دەست بەدابەشکردنی موچەى مانگى ئاب دەکرێت.
 
به‌وته‌ى سه‌رچاوه‌كه‌ى حكومه‌تى هه‌رێم، یەکێکى دیکە لەو پرسانەى کە وه‌فده‌كه‌ى وەزارەتى دارایی لەگەڵ بەرپرسانى وەزارەتى دارایی فیدڕاڵ تاووتوێى دەکات، ئەو 54 ملیار دینارەیە کە بۆ هەریەک لەمانگەکانى ئاب‌و تەمموز نەنێردراوە، وەک زیادەى پارەى هاوتاکردنى موچەى خانەنشینان.
 
بەگوێرەى زانیارییەکان لیژنەیەک لەنێوان هەردولا پێکهێندراوە بۆ ئەوەى لەسەر ئەو 54 ملیار دینارەو شێوازى هاوتاکردنى موچەى خانەنشنیان ڕێکبکەون.