شارپرێس ـ لوبنان:
به‌ره‌به‌یانى ئه‌مڕۆ موشەکەکانی سوپای ئیسرائیل بەسەر ناوەراستی بەیرورتدا بارین‌و به‌هۆیه‌وه دەیان کوژراو‌و برینداری لێکەوتەوە، هاوكات سوپاى ئیسرائیلیش ھەڕەشەی ھێرشی زیاتر ده‌كات.
پەیامنێری شارپرێس لەلوبنان‌و لەشوێنی ڕوداوەکە ئاشكرایكرد، کاتژمێر یه‌كی به‌ره‌به‌یانى ئه‌مڕۆ بەیروتی پایتەختی لوبنان ئاگرو دوکەڵی لێ بارى‌و لەژێر موشەک‌و بۆردومانی فڕۆکەی جەنگی "ئێف 35"ی سوپای ئیسرائیل، موشەکی یەکەم بەر بینایەکی چوار نهۆمى لەگەرەکی "کولا"ی ناوەڕاستی بەیروت کەوتوە، به‌گوێره‌ى زانیارییه‌كان شەش کەس گیانیان لەدەستداوە.
ڕاستەوخۆ دوای بۆردومانەکە، وتەبێژی سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند؛ ئامانجی بۆردومانەکە نەجاح واکیم جێگری پێشوی ئەمینداری حزبوڵڵا بوە.
به‌وته‌ى په‌یامنێرى شارپرێس له‌لوبنان ئه‌وه‌شى ڕونكرده‌وه، هه‌ر به‌ره‌به‌یانى ئه‌مڕۆ پێگەکانی حزبوڵڵا لەبیقاعی ڕۆژھەڵاتی لوبنان لەلایەن سوۆای ئیسرائیلەوە بۆردومانكراون‌و زانیارییه‌كانیش جه‌ختده‌كه‌نه‌وه، دەیان قوربانیی هه‌یه.
سوپای ئیسرائیل کوژرانی زیاتر لە 20 سەرکردەی حزبوڵڵای لەهەڵمەتەکانی ڕۆژی هەینی ڕابردودا ڕاگەیاند لەناویاندا حەسەن نەسروڵڵا.
لەهه‌شتی ئۆکتۆبەری ساڵى ڕابردوه‌وه شەر لەنێوان حزبوڵڵا‌و ئیسرائیل دەستیپێکرد، تائێستا زیاتر لە 600 هاوڵاتی مەدەنی بەهۆی بۆردومانی سوپای ئیسرائیل کوژراون‌و نزیکەی دوو هه‌زار كه‌س برینداربون‌و 250 هەزار هاوڵاتیش لەباشوری لوبنانەوە ئاوارەبون.
هەروەها بەهۆی هێرشەکانی حزبوڵڵاوە بۆسەر باکوری ئیسرائیل نزیکەی 60 هەزار هاوڵاتی ئیسرائیلی باکوری وڵاتەکەیان بەجێهێشتوەو ئاوارەبون.