شارپرێس ـ که‌نداڵ جودی:
به‌رپرسێكى باڵاى ڕۆژئاواى كوردستان ئاشكرایده‌كات، تائێستا له‌دواى ڕوداوه‌كانى لوبنانه‌وه، 17 هەزارو 550 کەس لەلوبنانەوە ڕویان له‌ڕۆژئاواى كوردستان كردوه، به‌ناوى ئیدارەی خۆسەریشه‌وه داواكاریه‌كى به‌په‌له ئاراسته‌ى كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى ده‌كات‌و ڕاشیده‌گه‌یه‌نێت، "داواده‌كه‌ین هه‌رچى زوه، دەروازەی ته‌ل کۆچەر به‌ڕوى ڕۆژئاواى كوردستاندا بكرێته‌وه".
دوای ئەوەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان توندتربوو، کوردانی کوردستانی ڕۆژاڤا کە پێشتر کۆچیانکردبوو بۆ لوبنان، هەروەها هاووڵاتیانی دیکەی شارەکانی سوریا وەک دیمەشق‌و حەلەب کە چوبونه لوبنان، جارێكى تر گه‌ڕانه‌وه زێدى خۆیان‌و ئێستا لەڕۆژاڤاى کوردستان نیشته‌جێبونه‌ته‌وه، له‌و ڕوه‌شه‌وه ئیدارەی خۆسەری ڕۆژئاوای کوردستان لیژنەیەکی بۆ پاراستن‌و گێڕانه‌وه‌ى ئەوکەسانەی لەلوبنان گیریانخواردوە بۆ ڕۆژئاوای کوردستان پێکهێناوه‌و تائێستاش بەسەدان کەس هێنراونەتە ناوچەکانیان، به‌ڵام وه‌كو به‌رپرسه‌كه‌ى ئیداره‌ى خۆسه‌ر ده‌ڵێت:"به‌هۆى ئه‌و گه‌مارۆیه‌ى خراوه‌ته‌سه‌ر ڕۆژئاوا، توانای پێشوازیکردنمان له‌و ژمارە زۆره‌ى ئاواره‌كان نییه".
شێخموس ئەحمەد سەرۆکی فەرمانگەی کاروباری کۆچ لەئیدارەی دیموکراتی خۆسەری باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا تایبه‌ت بۆ شارپرێس قسه‌یكردو چه‌ند زانیارییه‌كى گرنگى ئاشكراكرد.
شارپرێس: بەڕێز شێخموس تائێستا چەند کەس لەلوبنانەوە ڕویان له‌ڕۆژئاوای کوردستان كردوه؟
شێخموس: لەو ڕۆژەوە کە خەڵک دەستیان بەهاتوچۆ کرد بۆ ناوچە خۆبەڕێوەبەرییەکان‌و تائێستاش ژمارەی ئەوکەسانەی لەلوبنانەوە پەڕینەوە بۆ ناوچەکانی ئێمە، گەیشتوەتە 17 هه‌زارو 550 کەس‌و هاتنى ئاواره‌و گه‌ڕانه‌وه‌ى خه‌ڵكى خۆشمان له‌لوبنانه‌وه بۆ كوردستان هه‌ر بەردەوامە.
شارپرێس: ئەوکەسانەی دێنە ڕۆژاڤا تەنها خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستانن، یان خەڵکی ناوچەکانی دیکەی سوریا‌و لوبنانیشیان تێدایه؟
شێخموس: ئەوکەسانەی هاتونەتە ناوچەکانی ئیدارەی خۆسەر، هەندێکیان خەڵکی ناوچەکانی ڕۆژئاوای کوردستانن، هەندێکیشیان خەڵکی ناوچەکانی تری سوریان‌و خەڵکی لوبنانیشى تێدایه.
شارپرێس: وەک ئیدارەی خۆسەر هیچ کەمپێک یان سەنتەرێکتان بۆ ئەوکەسانە کردوه‌تەوە کە شوێنی نیشتەجێبونیان نییە؟
شێخموس: بەڵێ لەدوای هاتنی کۆچبەرانەوە، ئەو لیژنەیەی ئیدارەی خۆسەر دامەزراندوە، سێ سەنتەری بۆ ئەوکەسانە کردوه‌تەوە کە لەلوبنانەوە دێن‌و لەڕۆژئاوای کوردستان شوێنیان نییە، واتە کەسوکاریان هیچیان نییە، بەتایبەتی ئەو کوردانەی له‌بنه‌ڕه‌تدا خه‌ڵكى عەفرینن‌و ئێستا له‌لوبنانه‌وه گه‌ڕاونه‌ته‌وه، یان خه‌ڵكمان هه‌یه خه‌ڵكى سه‌رى کانێ‌و گرێ سپین‌و ئێستا لەلوبنانەوە گه‌ڕاونه‌ته‌وه، به‌هۆى ئه‌وه‌ى شارەکانیان لەلایەن تورکیاوە داگیرکراوە، لاى ئێمه له‌و ناوه‌ندانه‌ى كردومانه‌ته‌وه نیشتەجێ بون‌و دەتوانن له‌وێ بژین.
جگە لەوەش شوێنی نوێمان بۆ برایانى عه‌ره‌ب كردوه‌ته‌وه لەناوچەکانی دەرەوەی خۆبەڕێوەبەری لەکەمپی ئێریشە لەباشوری حه‌سه‌كه، لەهەمانکاتدا کەمپی ئێدنانی لەناوچەی ڕەققە بۆ ئەو کۆچبەرانە كراوه‌ته‌وه کە خەڵکی ناوچەکانی ئیدارەی خۆسەر نین‌و لەوێ نیشتەجێكراون.
شارپرێس: ئێستا گەمارۆی ناوچەکانی ئیدارەی خۆسەر هەیە، چ ئاستەنگێک دەبینیت وەک ئیدارەی خۆسەر لەپێشوازیکردن لەکۆچبەران‌و پەنابەرانی لوبنانی؟
شێخموس: ناوچەکانمان گەمارۆدراون، هەروەها ئەو دەروازانەی کە ناوچەکانمان بەدەرەوە دەبەستنەوە، وەک دەروازەی ته‌ل کۆچەر، تائێستا بەبڕیاری ئەنجومەنی گشتی نێودەوڵەتی داخراون، هەرچەندە ئیدارەی خۆسەرو ڕێکخراوە مرۆییەکان‌و ئاوارەکانیش لەناوچەکانمان داوای کردنەوەی دەروازەی ته‌ل کۆچەر دەکەن بۆ ئەوەی یارمەتییە مرۆییەکان تێپەڕێت، بەڵام هێشتا داخراوە، بۆیە بۆ کۆچبەران‌و پەنابەرە لوبنانییەکان، دەزگاکانی نەتەوەیەکگرتوەکان ڕایانگەیاندوە، پێویستە هاوکاری پێشکەشبکەین، بەڵام ئەو هاوکارییەی پێشکەشیدەکەن بەس نابێت بەوپێیەی خەڵکێکی زۆرن کە تێپەڕیون، بۆیە پێویستە گەمارۆکە هەڵبگیرێت‌و هاوکاری زیاتر بکرێت.
لەلایەکی ترەوە لەپرسی کۆچبەران‌و پەنابەرانی گشتیی لەڕۆژئاوای کوردستان‌و لەمدواییانەشدا لەلوبنان ئاستێکی زۆر دەبینین، لەبەرئەوەی کەمپەکان زۆرن، نەتەوەیەکگرتوەکان ناچێتە ئەو کەمپانەو دانیان پێدا نانێت، بەتایبەتی کەمپەکانی عەفرین‌و سه‌رى کانییە‌و گرێ سپی‌و هێشتا کەمپی دیکەش هەن کە نەتەوەیەکگرتوەکان هاوکارییان ناکات، نەتەوەیەکگرتوەکان تەنها دان بەپێنج کەمپدا دەنێت‌و پشتگیریان دەکات لەڕۆژاڤای کوردستان، بەڵام ئەو پاڵپشتییەش زۆر کەمە، چونکە هاوکارییەکان لەڕێگەی حکومەتی دیمەشقەوە ڕێکدەخرێن، هەربۆیە هاوکاریی زۆر کەمە.
شارپرێس: بانگەوازی ئێوە چییە بۆ ئەوەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، تاوه‌كو هاوکاریی پێشکەش بەکۆچبەران‌و ئاوارەکانی ڕۆژئاوای کوردستان بکات؟
شێخموس: بەمەبەستی ڕێگری‌کردن لەئاستەنگەکان‌و چارەسەرکردنی ئاستەنگییەکان بەتایبەت بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی‌و نەتەوەیەکگرتوەکان‌و ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی‌و دامەزراوەکانی سەر بەخۆیان، داوایان لێدەکەین دەروازەی ته‌ل کۆچەر بکەنەوە، لەهەمان کاتدا پێویستە ئەو دامەزراوانە هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر ناوچەکانی ڕۆژاڤای کوردستان ڕابگرن کە هەزاران کۆچبەرو پەنابەر پەنایان بۆ هێناوه.
