شارپرێس ـ کەنداڵ جودی ـ دژوار مو‌سا:
به‌رپرسێكى باڵاى ڕۆژئاواى كوردستان نوێترین زانیاریى له‌باره‌ى ڕێكه‌وتنى هه‌سه‌ده‌و حكومه‌ته‌كه‌ى ئه‌حمه‌د شه‌رع ئاشكراده‌كات‌و ڕاشیده‌گه‌یه‌نێت، توركیا فشاره‌كانى چڕكردوه‌ته‌وه بۆ ئه‌وه‌ى شه‌رع‌و هه‌سه‌ده نه‌گه‌نه ڕێكه‌وتن، ده‌شڵێت:"ڕۆژئاواى كوردستان ده‌ستپێشخه‌ریه‌ك ڕاده‌گه‌یه‌نێت، هاوكات ڕێبەری ڕۆحی کۆمەڵگەی دروزه‌كان‌و مه‌زڵوم عه‌بدى كۆبونه‌وه‌و ئەمریکاو فەرەنساو عەبدی-ش كار بۆ پڕۆژه‌یه‌كى گرنگ ده‌كه‌ن".
حسێن محه‌مه‌د عەلی ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی‌و بەرپرسی پەیوەندییە گشتییەکانی ئەنجومەنی سوریای دیموکرات (مه‌سه‌ده) له‌دیدارێكى شارپرێسدا زانیاریى گرنگ له‌باره‌ى چه‌ند پرسێكه‌وه ئاشكراده‌كات.

حسێن محه‌مه‌د عەلی ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی‌و بەرپرسی پەیوەندییە گشتییەکانی (مه‌سه‌ده)
شارپرێس: وەکو مه‌سه‌ده ئایندەی سوریا چۆن هەڵدەسەنگێنن، واتە سوریا بەرەو کوێ دەڕوات؟
حسێن محەمەد: سوریا ئەمڕۆ چوەتە ناو پرۆسەیەکی مێژویی‌و چارەنوسسازەوە، دوای ئەوەی لایەنگرانی ڕژێمی ئەسەد گورزی حەماسیان بەرکەوت‌و ئێران‌و ڕوسیاش سەرقاڵی شەڕی ئۆکرانیا بون، نەیانتوانی بەرەنگاری هێرشه‌كانى ته‌حریر شام ببنه‌وه، بەڵام ئەمڕۆ ئەجێندایەکی نوێ لەدیمەشق هەیە، لەبری ئەسەد، ئەحمەد شه‌رع بەسەرۆکی کۆماری سوریا ناسێنراوە.
لەسوریا ئاستەنگ‌و دەرفەت هەیە، هێشتا هەندێک دەوڵەت لەدیمەشق نابەخشن‌و وەرناگرن، وەک میسر‌و ئیمارات‌و عێراق، چونکە هیوایەکی زۆریان نییەو ئەگەری ئەوە هەیە کە ئەو دەوڵەتانە لەکۆتاییدا پەیوەندییان بەهێزە دیموکراسیەکانەوە هەبێت، وه‌ك مه‌سه‌ده‌و ئیدارەی باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا، بەڵام وڵاتانی وەک ئەوروپاو ئەمریکاو هەروەها بەشێک لەدەوڵەتە عەرەبییەکان بۆ گوشار بۆ گۆڕانکاریی، پەیوەندییان لەگەڵ دیمەشق دروستكردوه، واتە ئەو وڵاتانە مەرجی هەڵگرتنی سزاکانیان هەیەو بەرە بەرە بەگوێره‌ى پلانی ئوردن هەنگاو بنێن، بەڵام دەوڵەتانی دیکە بەتایبەت تورکیا‌و قەتەر پێش هەموو کەسێک چونەتە ناو سوریا‌و دەیانویست سوریای نوێ کۆنترۆڵ بکەنەوە، هاوشێوه‌ى سه‌رده‌مى ڕژێمه‌كه‌ى به‌شار ئه‌سه‌د.
تورکیا بەحکومەتی نوێى سوریا دەڵێت کە دەیەوێت لەهەموو ڕِویەکەوە هاوکاریی بکات‌و لەلایەکی دیکەشەوە مه‌به‌ستیه‌كى لەڕێگەی تورکمانى سوریاوه پێگەی خۆی لەسوریا دابمەزرێنێت‌و قایمترى بكات.
ئێستا تورکیا کار لەسەر دوو سیناریۆ دەکات؛ یەکێکیان ئەوەیە کە سوریا بکرێتە پارێزگایەکی نوێی عوسمانی‌و ئەحمەد شه‌رع وەک پارێزگاری وڵاتەکەی بێت، بەڵام ئایا ئەم سیناریۆیە سەرکەوتوو دەبێت یان نا، هێشتا ڕون نییە، سیناریۆی دوەمی تورکیا ئەوەیە، ئەگەر سیناریۆی یەکەم سه‌ركه‌وتوو نه‌بوو، تورکیا دەیەوێت لەڕێگەی ناوچەکانی باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا لەژێر دەسەڵاتی خۆیدا، نفوزی خۆی لەدیمەشق جێگیر بکات، چونکە تورکیا لەئێستادا ترسی ئەوەی هەیە هاوپەیمانی‌و تیمی دانوستان چیتر بونیان نەمێنێت، به‌ڵام دڵنیایی ده‌ده‌ین لەئایندەدا گەلی سوریا دێتەسەر ئه‌و بڕوایه‌ى مه‌سه‌ده پڕۆژه‌یه‌كى دیموكراسییه‌و هه‌ر پشتیوانیى ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ش ده‌كه‌ن.
گەلی سوریا ڕوو لەئیسلامی توندڕەو ناکات، بۆیە تورکیا فشار دەخاتەسەر باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا بۆ لەناوبردنی پڕۆژەی ئیدارەی خۆسەر، هاوکات فشاری نێودەوڵەتیش بۆ لەناوبردنی پڕۆژەی ئیدارەی خۆسەر دروستدەکات.
بەشێوەیەکی گشتیی لەئێستادا هەموو دەوڵەتێک پاڵەوانبازیى ده‌كات بۆ جێگیرکردنی نفوزی خۆی لەسوریا، بەڵام دەوڵەتانی کەنداو دەڵێن قبوڵناکەن سوریا لەژێر دەسەڵاتی ئێرانەوە بگوازرێتەوە بۆ ژێر دەسەڵاتی تورکیا، جگە لەوەش ئایندەی سوریا هێشتا نادیارە، گەورەترین ئاستەنگی بەردەم ئەحمەد شه‌رع، داواکاریی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە کە بریتیه له‌دەوڵەتێکی مەدەنی‌و مافی مرۆڤ‌و دەستورێکی نوێ كه مافی هەموو پێکهاتەکان بەتایبەتی کورد پارێزراوبێت، لەلایەکی دیکەوە لایەنگرانی ئەحمەد شه‌رع هەن کە بیرکردنەوەیان جیاوازە.
شارپرێس: ئایا دەسەڵاتی ئەحمەد شه‌رع ئەوەندەیە کە هاوسەنگی لەنێوان دەوڵەتانی کەنداوو ئەوروپاو ئەمریکاو تورکیا دروستبکات؟
حه‌سه‌ن محه‌مه‌د: ئەو لێدوانانەی ئێستا شه‌رع ده‌یاندات، پێویستە لەسەر زەوی تاقیبکرێنەوە، ئێمە دەمانەوێت پرۆسەی سوریا بەرەو چارەسەر ببەین‌و دەتوانین هاوبەشی دروستبکەین، ئەگەر دیمەشق ڕێککەوتنێک لەگەڵ باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا بکات، شه‌رع دەتوانێت ئەو هاوسەنگییە دروستبکات‌و ئێمەش ئەوەمان بەوڵاتانی ئەوروپا وتوە، بۆئەوەی سوریا نەچێتە ناو ئاژاوەگێڕیی‌و توندڕەوی ئیسلامییەوە، پێویستە ئیدارەی خۆسەرو هه‌سه‌ده هەبن، بۆ ئەوەی هاوسەنگی لەسوریادا دروستبکرێت، بۆیە ئەگەر ئەحمەد شه‌رع نەتوانێت ئەم هاوسەنگییە دروستبکات، دۆخەکە بەدژی دەگۆڕێت‌و خودی شه‌رع توشی کێشەیەکی گەورە دەبێت.
ئەگەر شه‌رع لەگەڵ ئێمە ڕازی بێت، ئێمەش دەتوانین ڕێگریی لەم ئاستەنگە بکەین‌و هەوڵیش بۆ ئەوە دەدەین، هەر لەبەر ئەو هۆکارەش ئەستەمە شه‌رع بتوانێت ئەم هاوسەنگییە بەدەستبهێنێت.
شارپرێس: چەند ڕۆژێک لەمەوبەر لەدیمەشق لەلایەن حکومەتی ئەحمەد شه‌رعه‌وه لیژنەیەکی دیالۆگ دامەزرا ئایا ئێوە بانگهێشتکران‌و هەڵوێستتان چییە لەسەر ئەم لیژنەیە؟
حه‌سه‌ن محه‌مه‌د: نەخێر ئێمە بۆ گفتوگۆی لیژنەکە بانگهێشتنەکراین‌و ئێمەش بەشدارنین، هەروەها ئێمە وەکو ئه‌نجونى سوریاى دیموكرات لێدوانێکی فەرمیمانداو ڕامانگەیاند، ئەو لیژنەیە نوێنەرایەتی هەموو پێکهاتەکانی سوریا ناکات، چونکە هیچ کام لەو هێزو لایەنە سیاسیانەی کە لەدژی ڕژێمی ئەسەد شەڕیان کردوە نوێنەرایەتیان نییە لەم کۆمیتەیەدا، ئەمەش مەترسی دروستدەکات، هیوادارین ئەم لیژنەیە بگۆڕدرێت‌و هەموو گەلی سوریا کۆبکاتەوە.
شارپرێس: دوای ڕوخانی ڕژێمی ئەسەد چالاکییەکانتان وەکو مه‌سه‌ده لەشارەکانی سوریا چۆنە؟
حه‌سه‌ن محه‌مەد: ئێمە وەکو مه‌سه‌ده ڕێکخراوێکی چەتری نیشتمانیین بۆ سوریا‌و تەنانەت لەسەردەمی ڕژێمی سوریاشدا لەهەموو شارەکانی سوریا کارمانكردوه‌و ئێستاش كاردەکەین، چونکە ئێمە ستراتیژێکمان هەیە ئەویش ئەوەیە کە یەکگرتویی سوریا گەرەنتی سوریایەکی دیموکراسییە، بۆیە پێش ڕوخانی ڕژێمی سوریاش لەحەلەب‌و لازقیە چەندین گروپمان پێکهێناو ئەنجومەنێکمان لەحەلەب دامەزراند، لەهەمانکاتدا هەوڵماندا لەحومسەوە بلۆکی سیاسی دروستبکەین، ماوەیەکە لەهەوڵی ڕێکخستنی کۆنگرەداین لەسوید، هەروەها زۆر دیدارمان لەگەڵ کەسایەتییەکانی دیمەشق هەبوو، دەرئەنجامی ئەم کۆبونەوانەش دەبێتە هۆی دیالۆگێکی نیشتمانیی گشتیی، دوای پڕۆسەی نوێ لەسوریا کارەکانمان لەناوخۆی سوریادا بەشێوەیەکی بەرچاو بەرفراوانتر دەبێت، بۆ نمونە لەدیمەشق لەگەڵ زۆرێک لەگروپەکان کاردەکەین بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانی هێزەکانی دیموکراسی لەدیمەشق، نوێنەری 35 ڕێکخراو تائێستا بەشداریی ئەمکارەیان کردوە، هەروەها ناوەندێکمان لەدیمەشق بەناوی مه‌سه‌ده کردوه‌تەوە، ئامانجیشمان دامەزراندنی ناوەندەکانى مه‌سه‌ده‌یه لەهەموو شارەکانی سوریا.
لەهەمانکاتدا شێخ حیکمەت هیجری ڕێبەری ڕۆحی کۆمەڵگەی دروزه‌كان بەشێوەی ئۆنلاین لەگەڵ فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات ژەنەڕاڵ مەزڵوم عەبدی کۆبوەوەو هیوای دروزەکان لەپڕۆژەی باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریادایە.
شارپرێس: وه‌كو شارپرێس زانیویه‌تى ئێوە وەکو مەسەدە، ئامادەکاریی دەکەن بۆ بەستنی کۆنگرەیەکی نیشتمانیی گەورە لەسەر ئاستی سوریا ئه‌مه تا چه‌ند ڕاسته؟
حه‌سه‌ن محه‌مەد: لەداهاتویه‌كى نزیكدا ئێمە وەکو مه‌سه‌ده دەستپێشخەرییەک ڕادەگەیەنین‌و لەم دەستپێشخەرییەشدا سێ قۆناغ هەیە، یەکێکیان بەستنی کۆنگرەی نیشتمانییە.
شارپرێس: بەڕێز حەسەن محه‌مه‌د، دوای کشانەوەی ئه‌نه‌كه‌سه لەهاوپەیمانی سوریا، ئایا هیچ هەوڵێک هەبوو بۆ دروستکردنی پەیوەندی نێوان ئێوەو ئه‌نجومه‌نى نیشتمانى كورد له‌سوریا (ئه‌نه‌كه‌سه)؟
حه‌سه‌ن محه‌مەد: ئێستا بۆ ئەو کۆنگرەیەی لەئەوروپا ئەنجامماندا، لیژنەی ئامادەکاریمان گفتوگۆیەکی لەگەڵ ئه‌نه‌كه‌سه ئه‌نجامداوه بۆ ئەوەی بەشداریی بکەین، ئەوان بەفەرمی بەشدارییان نەکرد، بەڵام وتیان دوای کۆنگرە پێکەوە دەچینە ناو دیالۆگەوە، جگەلەوەش ئەندامانی ئه‌نه‌كه‌سه بەناوی خۆیانەوە بەشدارییان لەکۆنگرەی ئەوروپا کرد، من پێموایە گفتوگۆی زیاتر لەنێوان ئێمەو ئه‌وان دروستده‌بێت به‌منزیكانه.
دواتر ئەوەی گرنگە، یەکڕیزیی هەڵوێستی هێزە کوردییەکانەو ئێمە پشتیوانیی لەگفتوگۆی نێوان ئه‌نه‌كه‌سه‌و پەیه‌نەکە دەکەین کە لەلایەن ئەمریکاو فەرەنساو مەزڵوم عەبدی کارئاسانی بۆ دەکرێت‌و سه‌رپه‌رشتى ده‌كرێت، دڵنیام لەئایندەدا کۆنگرەی (کوردی ـ كوردى) دەبەسترێت‌و هەڵوێستێکی یەکگرتوی لێ دەردەچێت.
شارپرێس: دوا پرسیار، دوای سەردانەکەی ئەحمەد شه‌رع بۆ ئه‌نكه‌ره، هیچ گۆڕانێك له‌هەڵوێستی سه‌رۆكى ئێستاى سوریا بەرامبەر ڕۆژئاوای کوردستان گۆڕ‌انى به‌سه‌رداهاتوه؟
حه‌سه‌ن محه‌مەد: بەرلەوەی شه‌رع بەرەو تورکیا بڕوات، لێدوانێکیداو وتى: ئێمه‌و هه‌سه‌ده لەدانوستانداین‌و لەسەر زۆر خاڵیش ڕێککەوتوین، بەڵام هێشتا هەندێک بابەتی ماوەتەوە.
بەڕای من شه‌رع‌و ئەردۆغان بەباشی پێکەوە نەبون‌و كۆبونه‌وه‌كانیان ئه‌رێنى نه‌بوه بۆ توركیا‌و به‌دڵى ئه‌وان نه‌بوه، ئێستا واى لێهاتوه هەموو دەوڵەتەکان بەشه‌رع دەڵێن کە کێشەکە لەگەڵ هه‌سه‌ده‌و كورد لەڕێگەی دیالۆگەوە چارەسەربکرێن، بۆ ئه‌مه‌ش ئێستا هەماهەنگی لەنێوان هه‌سه‌ده‌و حكومه‌تى شەرعدا هه‌یه، بەڵام دیارە دەوڵەتی تورکیا گوشارەکانی زیاترکردوەو بەهۆی گوشارەکانییەوە ڕێککەوتنێکی گشتی لەسەر حەلەب نەکراوە. دەوڵەتی تورکیا نایەوێت ڕێککەوتنێک لەنێوان هه‌سه‌ده‌و ئەحمەد شه‌رعدا بکرێت.
