به‌هاى زێڕ داده‌به‌زێت

ئابوری

19/04/2025‌ 12533 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەهۆی پشوەکانی ئیستەر لەئەمریکا بازاڕی زێڕ پێشنیوەڕۆی ڕۆژی هەینی داخراو یەک ئۆنسە زێڕیش بە 3328 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.


نرخی زێڕ ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە گەیشتە بەرزترین ئاستی لەمێژوداو توانیی 3358 دۆلار بەدەستبهێنێت.

لەکاتێکدا ناڕونییەکانی پەیوەست بەپێناسە گومرکییەکانی دۆناڵد ترەمپ، بەردەوام پاڵپشتییان بۆ نرخی زێڕ دروستکردوە، بەڵام هەندێک لەشرۆڤەکاران پێیانوایە، بەرزبونەوەکانی نرخی زێڕ لەمامناوەنددا کۆتاییان پێهاتوە، ئەگەری دابەزینی نرخی زێڕ بەڕێژەی 20% لەماوەی سێ تاوەکو شه‌ش مانگی داهاتودا هەیە.

(ئەی جی تۆرسۆن)، شرۆڤەکاری بازاڕە داراییەکان سەر بەپلاتفۆرمی (ئێف ئێکس ئیمپایەر) لەوبارەیەوە دەڵێت، "بەئەگەری زۆرەوە نرخی زێڕ دادەبەزێت بۆ نزیکەی 3000 دۆلارو لەو ئاستانەدا جێگیر دەبێت".

ئەو شرۆڤەکارە پێیوایە، نرخی زێڕ تاوەکو کۆتایی دەیەی ئێستا دەگاتە 8000 دۆلاریش، بەڵام ئێستا بازنەی بەرزبونەوەکانی نرخی زێڕ کۆتایی پێهاتوەو لەوە بەدواوە ئەگەری هەیە نرخی زێڕ لەسەرخۆ بەرەو دابەزین ئاراستەی بگۆڕێت.

لاى خۆیشیه‌وه‌ عەبدوڵڵا ئەکرەم جێگری سەرۆکی سەندیکای زێڕنگەرانی هەولێر ئاشكرایكردوه‌، "نرخی یەک ئۆنسە زێڕ ئەمڕۆ بەسێ هەزارو 327  دۆلار دەستنیشانکراوەو نرخی دۆلاریش بە147 هەزارو 300 دینار خەمڵێندراوە".

لەبارەی نرخی ئەمڕۆی زێڕ لەزێڕنگەرییەکانی هەولێر، سەندیکای زێڕنگەران بەمشێوەیە نرخەکانی دەستنیشانکردوە:

یەک مسقاڵ زێڕی عەیارە 24: 795 هەزار دینار

یەک مسقاڵ زێڕی عەیارە 22: 728 هەزار دینار

یەک مسقاڵ زێڕی عەیارە 21: 695 هەزار دینار

یەک مسقاڵ زێڕی عەیارە 18: 595 هەزار دینار