شارپرێس:
گەڕی دوەمی گفتوگۆی ئێرانو ئەمریکا کاریگەری ئەرێنی لەسەر بازاڕەکانی تاران داناوە، ماڵپەری نەڤەسانی تایبەت بەنرخی دراوەکان لەبازاڕی نێوخۆی ئێران دەڵێت، ئەمڕۆ یەک دۆلار بە83 هەزار تمەن مامەڵەی پێوەدەکرێت.
دوێنێ شەممە پێشئەوەی دانوستاندنەکانی نێوان ئێرانو ئەمریکا لەڕۆما دەستپێبکات، یەک دۆلار بە 85 هەزار تمەن مامەڵەی پێوەدەکرا.
دوای گفتوگۆکە، عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران پهیامێكى بڵاوكردهوهو ڕایگهیاند، "گفتوگۆیەکی بنیاتنەرانەمان لەگەڵ ئەمریکا کرد، لەبەردەوامیی کۆبونەوەکەی پێشودا، ئەمجارەش کۆبونەوەیەکی باشبوو، دەتوانم بڵێم کە دانوستاندنەکە بەرەو پێشەوە هەنگاو دەنێت".
تائێستا ئەمریکا بەئاشکرا هیچی لەسەر کۆبونەوەکە نەوتوە، بەڵام بەرپرسێکی وڵاتەکە قسەی بۆ ئاژانسی فرانس پرێس کردوەو دەڵێت، ئەمریکاو ئێران لەگفتوگۆکەی ئەمجارە، "بەرەوپێشچونی زۆرباشیان بەدەستهێناوە.
پێش دەستپێکی یەکەم گەڕی گفتوگۆی نێوان ئەمریکاو ئێران، نرخی یەک دۆلار بەرامبەر بەتمەن بەرزبوەوە بۆ نزیکەی 106 هەزار تمەن.
بەوپێیەش لەماوەی ههشت ڕۆژی ڕابردودا بەهای تمەن بەرامبەر بەدۆلار نزیکەی 23 هەزار تمەنو زیاتر لە 21٪ بەرزبونەوەی بەخۆوە بینیوە.
بازاڕی بۆرسەی تارانیش کاردانەوەی ئەرێنی بەرامبەر بەدوەم گفتوگۆی وڵاتەکەیو واشنتۆن پیشاندا.
پێنوێنی سەرەکیی بۆرسەی ئێران ڕۆژی شەممە 46 هەزار خاڵ بەرزبوەوەو بۆ یەکەمجار توانیی ئاستی سێ ملیۆن خاڵ بەدەستبهێنێت.
