سودانی بە ئەمینداری گشتی ڕەوتی فوراتەین هەڵبژێردرایەوە

عیراق

25/04/2025‌ 3330 جار خوێندراوه‌ته‌وه


رەوتی فوراتەین دووەمین کۆنگرەی گشتیی خۆى ئەنجامدا و محەمەد شیاع سودانى بە ئەمیندارى گشتیی رەوتەکە هەڵبژاردەوە.

ئەمڕۆ هەینى 25ـی نیسانى 2025، رەوتی فوراتەین دووەمین کۆنگرەی خۆی بە دروشمى "ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان" بەسەرپەرشتیى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکان ئەنجامدا.

بەگوێرەى راگەیەندراوى دواى کۆنگرەکە، رەوتەکە پێداچوونەوەی بە چەند پرسێکى گرنگدا کردووە  و لە رێگەی خستنەڕووی دیدگایەکی نیشتمانییەوە لەسەر ئاستەکانی ئابووری، کۆمەڵایەتی و ئەمنی، پشتیوانیى خۆى بۆ حکومەتى عێراق دووپاتکردووەتەوە.

هەروەها رەوتەکە، جەختی لە پاڵپشتیی بەردەوام بۆ دامەزراوەکانی دەوڵەت و بەدواداچوون بۆ ئەنجامدانى چاکسازى و پابەندبوون بە دەستوور و یاسای عێراق کردووەتەوە.

هەر لە کۆنگرەکەدا، جەخت لە گرنگیى ئەنجامدانى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق کراوەتەوە لە وادەى دیاریکراوى خۆیدا ئەوەش بە فەراهەمکردنى ژینگەیەکى شەفاف و دادپەروەرانە بۆ دەنگدەران.

رەوتی فوراتەین لە کانوونى دووەم 2019 لەلایەن محەمەد شیاع سودانییەوە دامەزراوە و بە ئەمیندارى گشتیی رەوتەکە هەڵبژێردراوە، لە هەڵبژاردنى 2021 دوو کورسیی ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراقى بەدەستهێناوە.