شارپرێس:
ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز ئاشكرایكردوه، سوریا بەنوسراو وەڵامی لیستی مەرجەکانی ئەمریکای داوەتەوە بۆ ئەگەری لابردنی بەشێکی سزاکانو ڕایگەیاندوە، زۆربەیانی جێبەجێکردوە، بەڵام هەندێکی دیکە پێویستیان بەتێگەیشتنی هاوبەش لەگەڵ واشنتۆن هەیە.
ئەمریکا پێشوتر، لیستێکی هەشت مەرجیی پێشکەشی سوریا کرد کە دەیەوێت جێبەجێی بکات، لەوانە لەناوبردنی هەر کۆگایەکی چەکی کیمیایی کە مابێتەوە، هەروەها دڵنیابون لەوەی کە بیانییەکان پۆستی سەرکردایەتییان پێنادرێت لەحکومەتدا.
لەنامەکەدا، دیمەشق جهختیكردوهتهوه، پابەندی زۆربەی مەرجەکانی سوککردنی سزاکانی ئەمریکا بوەو هەروەها دەیەوێت لەسەر پرسە هەڵپەسێردراوەکان لێکگەیشتنیان لەگەڵ واشنتۆن هەبێت.
لەنامەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، سوریا لیژنەیەک بۆ چاودێریی چالاکییەکانی گروپە فەڵەستینییەکانی وڵاتەکەی پێکدەهێنێتو دەیەوێت زیاتر گفتوگۆ لەسەر بابەتە بکات.
بەگوێرەی ئاژانسی ڕۆیتەرز، سوریا ئاماژەی بهداوە، مەترسی لەسەر هیچ لایەنێک دروستناکەن، بەتایبەت ئیسرائیل.
ڕونیشیکردەوە، پرسی چەکدارە بیانییەکان لەسوپای سوریا پێویستی بەدانیشتنێکی ڕاوێژکاری فراوانتر هەیە، بەڵام پێدانی پلەی سەربازیی ڕاگیراوە.
لەمانگی کانونی دوەمی 2025، ئەمریکا وەکو هاوکاریکردنی سوریا بۆ ماوەی شەش مانگ هەندێک سزای سەر سوریای سوک کرد، بەڵام کاریگەرییەکانی سنوردار بوە.
سەرچاوەکان لەمانگی ئاداری ڕابردودا بەئاژانسی ڕۆیتەرزیان وتوه، ئەگەر هەموو داواکارییەکانی ئەمریکا جێبەجێبکرێن، واشنتۆن ماوەی سوککردنی سزاکان بۆ دوو ساڵی دیکە درێژدەکاتەوە.
سوریا پێویستی بەهەڵگرتنی ئەو سزایانە هەیە کە لەسەردەمی ڕژێمی پێشودا بەسەریدا سەپێنراوە، ئەمەش بۆ یارمەتیدانو بوژانەوەی ئابورییەکەی زۆر گرنگە، چونکە بەهۆی شەڕی ناوخۆی وڵاتەکە، ئەمریکاو بەریتانیاو ئەوروپا بۆ فشارخستنەسەر بەشار ئەسەد سزای توندیان بەسەردا سەپاند.
