ته‌قینه‌وه‌یه‌كى گه‌وره‌ له‌ئێران ڕویدا

جیهان

26/04/2025‌ 5681 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئاژانسی هەواڵی تەسنیمی ئێران ئاشكرایكرد، تەقینەوەیەکی بەهێز لەبەندەر عەباسی باشوری ڕۆژئاوای ئێران ڕویداوە.


ئاژانسەکانی هەواڵی ئێران باس له‌وه‌ده‌كه‌ن، تەقینەوەیەکی بەهێز کە گوندەکانی دەوروبەریشی لەگەڵ هەژاندوە، لەبەندەری شەهید ڕەجایی بەندەر عەباس، لەباشوری ڕۆژئاوای ئێران ڕویداوەو زیانێکی زۆری بەبەندەرەکە گەیاندوە.

ئاژانسەکان ئاماژە بەوەدەکەن، سەرباری هەوڵەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگری تەقینەوەکە، لێکۆڵینەوەکان بۆ هۆكارو شێوەی تەقینەوەکە دەستیپێکردوە.

کۆنترۆڵی قەیرانی پارێزگای هورموزگان لەڕاگەیه‌ندراوێكى بەپەلەدا ڕایگەیاند، "چەند خولەکێک لەمەوبەر تەقینەوەیەکی گەورە لەبەندەری شەهید ڕەجایی ڕویدا، بەڵام هیشتا هۆکارەکەی دیارنییە".
 
به‌گوێره‌ى هه‌واڵى میدیاكان، تەقینەوەکە زۆر بەهێز بوەو تاوەکو چەند کیلۆمەتر دورتر لەشاری بەندەرعەباس دەنگەکەی بیستراوە.
 
میدیاكان دەڵێت، بەهۆی تەقینەوەکەوە، زیانێکی زۆر بەر ئۆتۆمبێل‌و باڵەخانەکانی نزیک لەشوێنی تەقینەوکە کەوتوە.
 
لەمیدیای ئێراندا زانیاریی جیاواز لەبارەی ڕوداوەکە بڵاودەکرێتەوە، بەشێک لەمیدیاکان دەڵێن، تەقینەوە لەباڵەخانەیەکی ئیداری بەندەری شەهید ڕەجایی شاری بەندەرعەباس ڕویداوە، بێئەوەی ئاماژە بەهۆکارەکەی بکەن.

بەشێکی دیکەشیان ڕایانگەیاندوە، ئاگرکەوتنەوە لەکۆگەیەکی سوتەمەنی لەبەندەرەکە هۆکاری تەقینەوەکەیە.