شارپرێس:
باربارا لیف یاریدەدەری پێشوی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی نزیک ڕایگەیاند، ئەحمەد شەرع سەرۆکی دەسەڵاتی ڕاگوزەری سوریا تێگەیشتنی بۆ نیگەرانییەکانی ئیسرائیل نیشانداوە.
لیف، لەچاوپێکەوتنێکدا بۆ کەناڵی 12ی ئیسرائیلی، ئەحمەد شەرعی بەکەسێکی "پراگماتیک" وەسفکردوەو ئاشکرایکردوە، ناوبراو بەڵێنێکی ڕونیداوە کە هەڕەشە لەئاسایشی تەلئەبیب نەکات.
شەرع لەلێدوانەکانیدا کە پێنجشەممەی ڕابردوو بۆ ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزی داوە، جەختی لەسەر پابەندبونی حکومەتەکەی کردوهتەوە بەڕێککەوتنی جیاکردنەوەی هێزەکان لەساڵی 1974، هەروەک باسی گرنگی دڵنیابون لەپابەندبونی ئیسرائیلیش بەڕێککەوتنەکە کردوەتەوە.
لەچاوپێکەوتنەکەیدا لیف ئاشکرایکردوە، شەرع بەڵێنی ئاشکرایداوە کە هەڕەشە لەسەر ئاسایشی ئیسرائیل دروستنەکات.
ڕونیشیکردوهتەوە، ئیرادەی خۆی دوپاتکردوەتەوە کە ڕێگەنەدات هیچ لایەنێک یان وڵاتێک خاکی سوریا بەکاربهێنێت بۆ هەڕەشەکردن لەئاسایشی ئیسرائیل.
بەوتەی ئەو بەرپرسە ئەمریکییەکە، شەرع هیوایخواستوە کە ماوەی سەرۆکایەتییەکەیدا مژدەی دەستپێکردنی لاپەڕەیەکی نوێی پێبێت لەپەیوەندییەکانی نێوان سوریاو ئیسرائیل.
لیف لەکۆتاییدا دەڵێت:"لە کاتی دیدارەکەمدا لەگەڵ شەرع، سەرسام بوم بەڕاستگۆییەکەی، هەروەک پراگماتیزمەکەی زۆرێک لەبەرپرسانی ئیدارەی پێشوی ئەمریکای سەرسام کرد، بەڵام تەنها کات دەزانێت کە ئایا بەڕاستیی ڕێبازی خۆی گۆڕیوە یان نا".
