ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ له‌نێوان پۆلیس‌و باندێكى دزینى نه‌وت ڕویداو كوژراو هه‌یه‌

عیراق

28/04/2025‌ 5837 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئه‌مڕۆ شەڕ لەنێوان مەفرەزەیەکی پۆلیس‌و گروپێک لەناوچەی عەتاکەی ڕمێلانی سەر بەقەزای زوبێر ڕویدا، ئەمەش لەکاتێکدایه‌ ئەو گروپە خەریکی دزینی بۆریی نەوت بونە.


به‌گوێره‌ى سه‌رچاوه‌كانى هه‌واڵى عێراقى، "مەفرەزەیەکی پۆلیسی نەوت کە ئەرکی پاراستنی بۆرییەکانی کۆمپانیا نەوتییەکانە لەناوچەی باکوری ڕمێلان لەقەزای زوبێر، ژمارەیەک چەکداریان بەسێ ئۆتۆمبێلەوە بینییوە کە دوو لەئۆتۆمبێلەکان لەجۆری کیا بوە یەکێکیان لەجۆری پیکاپ بوەو هەوڵی دزینی بۆری نەوت دەدەن".

له‌هه‌واڵه‌كه‌دا ئاماژه‌ به‌وه‌كراوه‌، "کاتێک مەفرەزەکە لێیان نزیکبوەتەوە، تەقەیان لێکردون، لەئەنجامدا چوار فیشەک بەر ئۆتۆمبێلی پۆلیسەکان کەوتوە، دواتر، پۆلیسەکانیش تەقەیان لەگروپەکە کردوەو ئۆتۆمبێلە کیاکەیان پێکاوە، بەڵام چەکدارەکان بەدوو ئۆتۆمبێلەکەی دیکە هەڵاتون".

سه‌رچاوه‌یه‌كیش له‌وباره‌یه‌وه‌ ڕایگه‌یاندوه‌، دەستبەسەر ئۆتۆمبێلە کیاکەو کەلوپەلە دزراوەکانی ناویدا گیراوە؛ هەروەها یەکێک لەئەندامانی گروپەکەش کە نەناسراو بوەو هیچ بەڵگەنامەیەکی پێنەبوە، لەکاتی هەڵاتنیدا لەپشتەوە فیشەکی بەرکەوتوەو کوژراوە.