شارپرێس:
ئیسماعیل بەقائی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەکۆنفرانسی ڕۆژنامەگەریی هەفتانەدا ڕایگەیاند، پیتاندنی یۆرانیۆم لەناوخۆی ئێران، هێڵی سورەو لەدانوستانەکاندا گفتوگۆی لەبارەوە ناکەین.
بەقائی لەسەرەتای کۆنفرانسەکەدا سەرەخۆشیی لەکەسوکاری کوژراوانی تەقینەوەکەی بەندەر ڕەجایی کردو هیوای زوو چاکبونەوەی بۆ برینداران خواست، بەتایبەتیش سوپاسی ڕوسیای کرد لەوەی پێش هەموو وڵاتان، یارمەتییو هاوکاریی بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگری تەقینەوەکە گەیاندوەتە ئێران.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دهڵێت:"وردەکاریی هەر دانوستانێک دەبێ لەچوارچێوەیەکی گشتیدابێت کە هەردولایەن لەسەری ڕێککەوتبن، کەواتە ئێمە سەبارەت بەوردەکارییەکان ڕێکناکەوین، ئەگەر لەگەڵ بەرژەوەندیی گشتیی ئێراندا هاوتەریب نەبن، ئەو هێڵە سورانەی لەسەرەتاوە دەستنیشانمانکردون، بەدرێژای دانوستانەکان پەیڕەو دەکرێن".
بڕیارە هەفتەی داهاتوو گەڕی چوارەمی دانوستانەکان لەنێوان وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێرانو ویتکۆف نوێنەری تایبەتی ترەمپ بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستو باکوری ئەفریقیا، بەڕێوەبچێت، ئێران، وەک وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕایگەیاند، "هیوادارە ئەوروپا ڕۆڵێکی باشی لەسەرخستنی دانوستانەکاندا هەبێت".
بەقائی لەوەڵامی پرسیارى ڕۆژنامهنوساندا سەبارەت بەجۆری دانوستانەکان وتی:"تائێستا دانوستانەکان بەشێوەی ناڕاستەوخۆن، ئێمە مەبەستمانە ڕێککەوتنێک بکەین کە لەبەرژەوەندیی گەلی ئێراندابێتو سزا ئابورییەکان بەزوترینکات هەڵبگیرێن، چونکە مانەوەی ئەو سزایانە، کاریگەریی خراپی کردوەتەسەر گوزەرانی گەلی ئێران".
ئهوهشى وت:"ئەمریکا سیاسەتی فشار، تەنها بەرامبەر ئێرانو چین پەیڕەو ناکات، بەڵکو بەرامبەر هەر دەوڵەتێک کە لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی ئەو زلهێزەدا هاوڕا نەبێت؛ ئەمەش نیشانەی پێشێلکردنی هەموو پەیماننامە بازرگانییە نێودەوڵەتییەکانەو دژی بنەماکانی مافی مرۆڤەو دەبێتە بەربەست لەبەردەم پەیوەندیی دۆستانەی نێوان گەلان".
