شارپرێس:
بهگوێرهى ههواڵێك كه میدیاى نزیك لهپارتى بڵاویكردوهتهوه، وەزیرى دارایی فیدراڵ بەهۆی تێبینی لەسەر بڕی ئەو داهاتەی هەرێم ناردویەتی، نوسراوێک لەبارەی ناردنى پارەى موچەی موچەخۆرانی هەرێم ئاڕاستەى سەرۆک وەزیران دەکات بەمەبەستى یەکلاکردنەوەو واژۆکردنی.
لهو زانیاریانهى ئاشكراكراون ئاماژه بهوهكراوه، تائێستا تەیف سامى وەزیرى دارایی فیدراڵ ئامادەنەبوە واژۆ لەسەر بڕیاری ناردنی موچەى مانگى نیسانى هەرێم بکاتو ئەو پرسە بەسەرۆک وەزیران دەسپێرێت.
تەیف سامى بەنوسراو تێبینى خۆى لەبارەى ئەو پرسەوە ئاڕاستەى محهمهد شیاع سودانى سەرۆک وەزیران کردوە کە سەرەکیترینیان بڕى ئەو داهاتە نانەوتیەیە کە ڕادەستکراوە.
22ى نیسانى 2025، تیمێکى تەکنیکیى وەزارەتى داراییو ئابوریی هەرێم سەردانى بەغداى کردو لیستى موچەى ڕادەستى وەزارەتى دارایی فیدراڵ کرد، هەر هەمان ڕۆژ 48 ملیارو 205 ملیۆنو 765 هەزار دینار لەداهاتى نانەوتى ڕادەستی بەغدا کرد.
بهوتهى ئهو سهرچاوانهى زانیارییان ئاشكراكردوه، ئەو بڕە پارەیە جێگەى ڕەزامەندى وەزارەتى دارایی نییە کە پێىوایە دەبێت بڕى زیاتر ڕادەستبکرێت، ئەو بۆچونەشى لەسەر بنەماى ڕاپۆرتێکى دیوانى چاودێرى دارایی عێراق بوە کە گوایە داهاتى نانەوتى هەرێم بۆ مانگى ئادارى 2025 زیاتر لە 250 ملیار دینار بوەو وەزارەتى دارایی عێراق داوادەکات 50%ى ئەو داهاتە ڕادەستبکرێتو ئەوەی ئێستا نێردراوە پێنجییەکى ئەو بڕە داهاتەیە کە دیوانى چاودێرى دارایی دەستنیشانیکردوە.
سەرچاوەکان ئاماژهیان بهوهشكردوه، "دوو ڕێگە لەبەردەم تەیف سامى بوە کە یان ئەو بڕە پارەیەى داهاتى نانەوتى کە پێیوایە نەنێردراوە لەپارەى موچە ببڕێتو خۆى واژۆى نوسراوى ناردنى پارەکە بکات، یان پرسەکە بداتە دەست سودانى، بەڵام ڕێگەى دوەمى هەڵبژاردوە، لەمڕۆشهوە تاوەکو کۆتایی ئەم هەفتەیە، ئەو پرسە یەکلا دەکرێتەوە، بهڵام پرسى ناردنى پارەى موچە لەو کۆبونەوەیەدا ناخرێتە دەنگدانەوە".
بهبۆچونى سهرچاوهكان، "ئەگەرى زۆرە محەممەد شیاع سودانى سەرۆک وەزیران خۆى واژۆ لەسەر ناردنى پارەکە بکاتو ڕونکردنەوەیەک لەکۆبونەوەى ئەنجومەنى وەزیران بدرێت لەسەر ئەو بابەتە بەبێئەوەى بخرێتە دەنگدانەوە".
