شارپرێس:
ئەمریکا داواکاریی عێراقی بۆ ئاسانکاریی هاوردەکردنی گازو کارەبا لەئێرانەوە ڕەتکردوهتەوەو پابەندبونی خۆی بۆ ڕێگریکردن لەسودمەندبونی تاران لەڕوی داراییەوە لەو پڕۆسەیە دوپاتکردوهتەوە.
بەگوێرەی هەواڵێکی پێگەی بەغداد ئەلیەوم، لەمیانی دیداری فوئاد حسێن جێگری سەرۆک وەزیرانو هاوكات وەزیری دەرەوەو د.مایکڵ فالکەندەر جێگری وەزیری گەنجینەی ئەمریکا لەبارەگای وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لەواشنتۆن دی سی، ئەو داواکارییانە خراونەتە بەردەم لایەنی ئەمریکی.
ئەوەش هاتوە، لەدیدارەکەدا فوئاد حوسێن پرسی ئەو لێخۆشبونانەی وروژاندوە کە لەلایەن ئەمریکاوە بەعێراق دراوە سەبارەت بەهاوردەکردنی غازو کارەبا لەئێرانەوە.
جەختیکردوهتەوە لەسەر پێویستی ئاسانکردنی میکانیزمی پارەدان بەگەڕانەوە بۆ سیستمی پێشوی "پارەدان لەبەرامبەر خۆراکو دەرمان" لەجیاتی پارەدانی ڕاستەوخۆی نەختینەیی کردوە کە دەستەبەری بەردەوامیی دابینکردنی پێداویستیەکان بکات تا جێگرەوەی غازو کارەبای ئێرانیی دەدۆزرێتەوە.
لای خۆیەوە لایەنی ئەمریکی جەختی لەوەکردوهتەوە، ئیدارەی ئێستا هەر ڕێکخستنێک ڕەتدەکاتەوە کە ڕێگە بەئێران بدات لەڕوی داراییەوە یان بەشێوەیەکی تر سود لەهاوردەکردنی گازو کارەبا وەربگرێت.
ئاماژەی بەوەشکردوە، واشنتۆن هەوڵدەدات پاڵپشتیی عێراق بکات لەدۆزینەوەی بەدیل، بەهاوکاریی لەگەڵ وڵاتانی دیکەی وەک تورکمانستان، بۆ دەستەبەرکردنی پێداویستییەکانی بەبێ پێشێلکردنی ئەو سزایانەی ئێستا بەسەر تاراندا سەپێنراوە.
وەزیری دەرەوەی عێراق وتیەتی، گرێبەستێکمان لەگەڵ چەند کۆمپانیایەک ئیمزاکردوە بۆ وەبەرهێنان لەغازی شل، هەروەها گەیشتن بەئاستی خۆ بژێوی لەساڵانی داهاتودا.
وەزیری دەرەوە ڕونیشیکردوهتهوه، "عێراق لەئێستادا ڕوبەڕوی ئاستەنگی گەورە بوەتەوە لەبوارەکانی غازو کارەبادا، ئەمەش پێویستی بەهەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی هاوردەکردنی وزە هەیە، بەتایبەتی لەتورکیاو ئوردنو وڵاتانی کەنداو".
لەو چوارچێوەیەداو لهبهرامبهر داواكارییهكانى عێراق، لایەنی ئەمریکى جهختیانکردوەتەوە، "سیاسەتی ئیدارەی ئێستا، ڕێگریی لەسودمەندبونی ئێران دەکات دەربارەی ئەم پرۆسەیە، جا چ لەڕوی داراییەوە بێت یان بەهەر شێوازێکی دیکە".
