شارپرێس:
خۆڵبارینێکی چڕ بەشێکی ناوچەکانی عێراقی گرتوەتەوەو ماوهى بینین لەهەندێک ناوچە بۆ کەمتر لەکیلۆمەترێک كهمبوهتهوه، بهو هۆیهشهوه دەیان کەس بەهۆی تەنگەنەفەسییەوە ڕەوانەی نەخۆشخانەکان کراون، كهشناسى عێراقیش ڕونكردنهوه دهدات.
لەئێوارەی دوێنێ سێشەممەوە خۆڵبارینێکی چڕ عێراقی گرتوەتەوەو لهشەوى ڕابردوشهوه زیاتر چڕبوەتهوە، بەتایبەتی لەپارێزگاکانی (بەسرە، زیقار، موسەننا، نەجەفو بابل)، کەشناسیی عێراقیش ڕایدهگهیهنێت، لهئێستادا ماوهى بینین بۆ کەمتر لەیەک کیلۆمەتر دابەزیوە.
عامر جابری وتەبێژی دەستەی کەشناسیو بومەلەرزەزانیی عێراق ئاشكرایكردوه، لەهەندێک شوێن ماوهى بینین بۆ کەمتر لەیەک کیلۆمەتر دابەزیوە؛ چاوەڕێدەکرێت تاوەکو نیوەڕۆی ئەمڕۆ کاریگەرییەکە سنودارو کەم ببێتەوە.
میدیاى عێراقى ئاماژه بهوهدهكات، بەهۆی ئهو خۆڵبارینەوە دەیان کەس توشی هەناسەتەنگی بونو گەیهندراونەتە نەخۆشخانە، لهپارێزگای بەسرە، تائێستا 186 کەس بەهۆی هەناسەتەنگییەوە گەیهندراونەتە نەخۆشخانەکانو چارەسەریان وەرگرتوەو زۆربەیان نەخۆشخانەیان بەجێهێشتوە.
لهلایهكى دیكهشهوه ماهیر عەبودی وتەبێژی تەندروستی پارێزگای نەجەف ئاشكرایكردوه، ئێوارەی دوێنێ خۆڵبارینێکی چڕ نەجەفی گرتەوە، بەهۆیەوە سەرجەم دامەزراوە تەندروستییەکان خرانە ئەوپەڕی ئامادەباشییەوە، بهو هۆیهشهوه 16 کەس کە توشی هەناسەتەنگی بون، گەیهندراونەتە نەخۆشخانەکانی نەجەفو چارەسەری تەندروستیان بۆکراوە، دواتر نەخۆشخانەیان بەجێهێشتوە، بهڵام هیچ مردنێک تۆمارنەکراوە.
دوو هەفتە لەمەوبەر شەپۆلێکی چڕی خۆڵبارین نەجەفی گرتەوە، کە سەرچاوەکەی لەسعودیە بوو، ماهیر عەبودیش دەڵێت، ئەوکات نزیکەی 500 کەس گەیهندرانە نەخۆشخانەکانو چارەسەریان وەرگرت.
شەوی ڕابردوش کەشناسیی عێراق ئامۆژگاری هاوڵاتیانی کرد لەو ناوچانەی کاریگەریی خۆڵبارینەکەیان لەسەرە، شەوەکەی بەوشکانی گەشت نەکەن، هەروەها شۆفێرانی ڕێگەکانی دەرەوەش وریای خۆیان بن.
