شارپرێس:
بەگوێرەی سەرچاوەکانی ناو هاوپەیمانیی چوارچێوەی هەماهەنگیی، بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو لایەنە شیعییەکانی ناو ئەو هاوپەیمانیتییە بەلیستی جیاواز بەشداریدەکەنو دواتر لەشێوەی هاوپەیمانێتییەکدا یەکدەگرنەوە بۆ پێکهێنانی گەورەترین کوتلەی پەڕلەمانیی.
ئەو سەرچاوەیە باسی لەوەکردوە، هەنگاوەکانی بەشدارییکردن لەهەڵبژاردنی داهاتوو لەناو ماڵی شیعە هێشتا بەردەوامن بۆ دیاریکردنی ئەو لیستانەی کە لەهەڵبژاردنەکانی داهاتودا ڕکابەریی دەکەن.
ڕونیشیکردوهتەوە، هێزەکانی ناو هاوپەیمانیی چوارچێوەی هەماهەنگی بەچەند لیستێک بەشداریدەکەن.
ئەو هێزە شیعییانەی ناو هاوپەیمانێتییەکە کە بەشداریی هەڵبژاردنی داهاتوو دەکەن بریتیین لە"ڕەوتی فوڕاتەین " بەسەرۆکایەتی محەمەد شیاع سودانی کە هاوکات کوتلەی سەنەد بەسەرۆکایەتیی ئەحمەد ئەسەدیو بزوتنەوەی عەتا بەسەرۆکایەتیی فالح فەییازیش لەخۆدەگرێت.
ئەوەش هاتوە، هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاساش، پارتی دەعوە بەسەرۆکایەتیی نوری مالیکیو جوڵانەوەی بەشائیر بەسەرۆکایەتیی یاسر مالیکیو نەهجی وەتەنیی لەخۆدەگرێت.
لەکاتێکدا هاوپەیمانیی نەسر، بریتییە لەڕەوتی حیکمە بەسەرۆکایەتی عەمار حەکیمو کوتلەی نەسر بەسەرۆکایەتی حەیدەر عەبادیو هەندێک هێزی سەربەخۆ، جگەلەوەی عەسائیب ئەهلی حەق بەلیستی سەربەخۆ خۆی بۆ هەڵبژاردنەکان کاندید دەکات.
سەرچاوەکە جەختی لەوەکردوهتەوە، فرەلیستی شیعەکان بۆ زانینی ڕادەی قورسایی لایەنەکانە لەهەڵبژاردنی داهاتوو، دەشڵێت، "پێکهێنانی هاوپەیمانێتییەکان هێشتا گفتوگۆیان لەبارەوە دەکرێتو بەگوێرەی گۆڕانی بەرژەوەندییەکان گۆڕانکارییان بەسەردادێت".
بهگوێرهى زانیارییهكان، چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعە ئاشكرایانكردوه، بەسێ لیست کە سەرجەم پارتە سیاسییە شیعەکان لەخۆدەگرێت، بەشداریی لەهەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەکەن کە بڕیارە لە 11ی تشرینی دوەمی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت.
سەرچاوەیەکی چوارچێوە بەمیدیای ناوخۆی عێراقی وتوه، "هێزە سەرەکییەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی ڕێککەوتن لەسەر بەشداریی لەهەڵبژاردنی داهاتوی پەرلەمانی عێراق بەسێ لیستی جیا، ئەمەش بۆ بەدەستهێنانی زۆرترین ڕێژەی دەنگی دەنگدەرانە، لەو ئەگەرەشدا دەتوانن بەئاسانی حکومەت پێکبهێنن، ڕەنگە لیستەکانی ناو چوارچێوەی هەمەهانگی ژمارەیەکی زیاتری کورسی پەرلەمان بەدەستبهێنن لەو ژمارەی ئێستا هەیانە".
عەلاوی نیعمە بەنداوی ئەندامی لیژنەی ئاسایشو بەرگریی پەرلەمانی عێراق ڕایگهیاندوه، "هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی بەسەر زیاتر لەلیستێکی هەڵبژاردندا دابەشدەکرێن بۆ ئەوەی زۆرترین ژمارەی کورسی پەرلەمان بەدەستبهێننو دواتر وەک هاوپەیمانییەکی سیاسی فراوان، بتوانن بەئاسانی حکومەت پێکبهێنن".
