زانیاری نەبیستراو لەبارەی هەوڵی کوشتنی سری سورەیا ئۆندەر ئاشکرادەکرێت

کوردستان

22 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1004 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دەم پارتی لەڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، ڕۆژی 2ی نیسان (13 ڕۆژ پێش تێکچونی باری تەندروستی سری سورەیا ئۆندەر)، پارچە ئاسنێکی تیژ لە تایەی ئۆتۆمبێلی ناوبراو دۆزراوەتەوە، دەشڵێت، بابەتەکەیان گەیاندوەتە لایەنی فەرمی، بەڵام هیچ ئەنجامێکیان پێ نەدراوە. 

پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) باسی لەوەکرد،" رۆژی 2ـی نیسان کارمەندی گەراج لەکاتی بەکارهێنانی ئۆتۆمبێلەکەی سری سورەیا ئۆندەر هەستی بە دەنگێک لەتایەی دواوە کردوە و ئۆتۆمبیلەکەی بردوەتە ناوەندی خزمەتگوزاریی ئۆتۆمبێل، دەرکەوت کەرەستەیەکی لەئاسن دروستکراو لەتایەی چەپی پشتەوەی ئۆتۆمبیلەکەدا دانراوە ".

بەپێی ڕاگەیەندراوەکە،  سری سورەیا ئۆندەر بابەتەکەی گەیاندوەتە رێکخستنەکانی دەم پارتی و هەڵسەنگاندن و لێپێچینەوەی پێویست کراوە، روداوەکە و بەڵگەکان گەیەندراون بە پێگە فەرمییەکان، دەم پارتی و ئۆندەریش لە نزیکەوە چاودێریی بابەتەکەیان کردوە. 

دەم پارتی دەشڵێت،" بەهۆی هەستیاریی لێکۆڵینەوەکە بابەتەکە بۆ رای گشتی بڵاونەکراوەتەوە، بەڵام تائێستا هیچ ئەنجامێکمان لەبارەی بەدواداچون و لێکۆڵینەوە لە بابەتەکە بەدەست نەگەیشتوە".

رۆژی 15-4-2025  تەندروستیی سری سورەیا ئۆندەر، بریکاری پەرلەمانی تورکیا تێکچو، دوای گەیاندنی بە نەخۆشخانە پزیشکانی رایانگەیاند کە جەڵتە لێی داوە، دوای 18 رۆژیش مانەوەی لە نەخۆشخانە، لە 3-5-2025 کۆچی دواییکرد.