جەنگی هیندو پاکستان.. ئاماژەکانی تێکشکاندنی فڕۆکەی جەنگیی ڕۆژئاوایی بەفڕۆکەی چینی

جیهان

10/05/2025‌ 3633 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

پاکستان بەپلەی یەکەم بۆ خۆپڕچەککردنی پشت بەچین دەبەستێت، لەکاتێکدا هیندستان زیاتر لەنیوەی چەکەکانی لەئەمریکاو وڵاتانی دیكه‌ى ڕۆژئاوا هاوردە دەکات‌و هەر ناکۆکییەک لەنێوانیان ئەو دوو وڵاتەدا، واتای ڕوبەڕوبونەوەی ناڕاستەوخۆی تەکنەلۆژیای سەربازیی چینی‌و ڕۆژئاوا دەگەیەنێت.


فڕۆکەی J-10C نوێترین وەشانی زنجیرەی J-10 ی چینە، کە فڕۆکەیەکی جەنگیی تاکە بزوێنەری فرە ڕۆڵەو لەسەرەتای سەدەی بیست‌و یەکەمدا لەناو هێزی ئاسمانیی چین کەوتوه‌تە بواری خزمەته‌وه‌.

ئەم وەشانەی نوێکراوە تایبەتمەندیی سیستەمی چەکی پێشکەوتوو ئەڤیۆنیکی مۆدێرن لەخۆدەگرێت، هەروەک وەک فڕۆکەیەکی جەنگیی نەوەی چوارەم‌و نیو پۆلێنکراوە، هاوشێوەی ڕافالی فەرەنسی، بەڵام بەراورد بەفڕۆکە جەنگییەکانی نەوەی پێنجەمی وەک J-20ی چینی‌و F-35ی ئەمریکی، کەمتر پێشکەوتوە.

لەساڵی 2022، چین یەکەم وەجبەی فڕۆکەی J-10CE کە وەشانی هەناردەکردنی بوو، گەیاندە پاکستان، ئەمەش وایکردوە ببێتە یەکێک لەپێشکەوتوترین فڕۆکەکانی ناو هێزی ئاسمانیی پاکستان، شانبەشانی فڕۆکە جەنگییەکانی JF-17 Block III، کە فڕۆکەیەکی سوک‌و مۆدێرنەو بەهاوبەشی لەلایەن پاکستان‌و چینەوە پەرەی پێدراوە.

کۆلۆنێلی خانەنشینکراوی چینی ژۆ بۆ لەسەنتەری ئاسایش‌و ستراتیژی نێودەوڵەتیی لەزانکۆی سینگوا پێیوایە، خستنەخوارەوەی فڕۆکەی ڕافالی دروستکراوی فەرەنسی بەفڕۆکەی J-10C دەبێتە هۆی بەرزبونەوەی بەرچاوی متمانەو فرۆشتنی چەکی چینی، بەتایبەتیی کە چین زیاتر لە40 ساڵە نەچوەتە ناو شەڕێکی ڕاستەقینەوە.

هەرچەندە پاکستان خاوەنی پۆلێک فڕۆکەی جەنگیی ئێف 16ی ئەمریکییە، بەڵام ئەم فڕۆکانە تاڕادەیەک بەسەرچون‌و پێکهاتەکانیان دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای ساڵانی 2000و بەراورد ناکرێت بەنوێترین تەکنەلۆژیاکانی ئێستا کە ئەمریکا پێشکەشیدەکات.

لەبەرامبەردا J-10CE و JF-17 Block III تایبەتمەندیی ڕاداری مۆدێرن AESA و تەکنەلۆژیای ئەلیکترۆنی پێشکەوتویان هەیە.

شرۆڤەکار بیلال خان جەختی لەوەکردەوە، کە فڕۆکەی ئێف 16 هێشتا ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لەهێزی ئاسمانیی پاکستان، بەڵام چیتر تاکە ناوەندی هێزی ئاسمانیی نییە.

پاکستان بانگەشەی ئەوە دەکات کە فڕۆکەکانی J-10C پێنج فڕۆکەی هیندییان خستوه‌تە خوارەوە، لەنێویاندا سێ فڕۆکەی ڕافال‌و فڕۆکەیەکی جۆری MiG-29 و فڕۆکەیەکی جۆری Sukhoi-30، لەمیانی شەڕێکی یەک کاتژمێریدا کە نزیکەی 125 فڕۆکەی تێدا بەشداربوو لەمەودای زیاتر لە 160 کیلۆمەتردا.

هەرچەندە هیندستان ئەو زیانانەی ڕەتکردەوەو پاکستانیش نەیتوانیوە بەڵگەی یەکلاکەرەوە بخاتەڕوو، بەڵام سەرچاوەیەک لەوەزارەتی بەرگریی فەرەنسا لەدەستدانی لانیکەم فڕۆکەیەکی ڕافالی پشتڕاستکردەوە.

ئەم هەواڵە سەرنجێکی زۆری لەسۆشیال میدیا لەچین دروستکرد، پشکەکانی کۆمپانیای AVIC Chengdu کە بەرهەمهێنەری فڕۆکەی J-10 یە، بەڕێژەی 17%و دواتر بەڕێژەی 20%ی دیکە لەڕۆژی دواتردا بەرزبوەوە، پێشئەوەی هیچ پشتڕاستکردنەوەیەکی فەرمی لەلایەن پاکستانەوە هەبێت.