شارپرێس:
پیسبوونی خاک کاتێک ڕوودەدات کە ماددە کیمیاییەکان یان پیسکەرەکان
دەچنە ناو خاک یان ژینگەی دەوروبەرییەوە، یان لە ئەنجامی گۆڕانی کەشوهەوا یان بە
پلەی یەکەم لە ئەنجامی چالاکییەکانی مرۆڤ.
ئەم پیسبوونە کاریگەریی نەرێنیی لەسەر بەپیتی خاک و هاوسەنگیی
ئیکۆلۆژیی دەبێت و دەبێتە هۆی تێکچوونی کوالیتیی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان و ناهاوسەنگیی
لە ژینگەی سروشتیدا.
سەرەڕای مەترسیدارییەکەی، پیسبوونی خاک بە بەراورد لەگەڵ
جۆرەکانی تری پیسبوون، گرنگییەکی ئەوتۆی پێنادرێت، ڕەنگە لەبەر ئەوەی نەبینراوە، بەڵام
بە یەکێک لە مەترسیدارترین پیسکەرەکان دادەنرێت و ناوی لێنراوە "بکوژی بێدەنگ".
ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاندووە کە زیاتر لە 95٪ی خۆراکەکانمان
لە خاکەوە دێت، کە 15 لە کۆی 18 توخمە کیمیاییەکانی پێویست بۆ گەشەکردنیان بۆ ڕووەکەکان دابین دەکات.
خاک وەک فلتەرێکی سروشتیی بەرانبەر بە پیسکەرەکان کاردەکات، بەڵام توانای بەرگەگرتنی
ئەو پیسکەرانەی سنووردارە، بەتایبەتیی بە لەبەرچاوگرتنی زیادەڕۆیی لە بەکارهێنانی
قڕکەر و پەینی کیمیایی، ئەمەش دەبێتە هۆی کەڵەکەبوونی پیسکەرەکان کە زیان بە هاوسەنگییەکەی
دەگەیەنن.
هۆکارەکانی پیسبوونی خاک بریتین لە پاشماوە و ئاوەڕۆی ماڵان،
پاشماوەی پلاستیک، پاشماوەی کانگاکان، ڕژانی نەوت، ترشەباران، گەردیلەی هەوا،
دارستانبڕین، کارەساتی سرووشتیی و فراوانبوونی شارەکان. هەروەک پاشماوەی پیشەسازیی
و کیمیایی لە مەترسیدارترین سەرچاوەکانی پیسبوونن، لەوانە کانزا قورسەکان و خۆڵەمێشی
پیشەسازیی لە سووتانی خەڵوز.
شەڕ و بەکارهێنانی چەکی کیمیایی یان تیشکدەر بە هۆکاری
کارەساتبار دادەنرێت بۆ پیسبوونی خاک، وەک ئەوەی لە هیرۆشیما، ناگازاکی، ڤێتنام ڕوویدا،
یان دەستدرێژیی بۆ سەر غەززە، کە کاریگەریییەکانی بۆ سەدان ساڵ بەردەوام دەبێت.
ڕێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی جیهانیی (فاو) هۆشداریی دەدات
لەوەی تەنانەت بڕێکی کەمی قوڕقوشم دەتوانێت ڕووبەرێکی زۆری خاک و ئاو پیس بکات. یەک
پاتری وشک دەتوانێت مەترێک سێجا خاک و هەزار مەتر سێجا ئاو پیس بکات، کە ئەگەری هەیە
بۆ دەیان ساڵ بەردەوام بێت.
پیسکەرەکان لە ڕێگەی ڕووەکەکانەوە دەگوازرێنەوە بۆ ئاژەڵ
و مرۆڤ و چڕییەکانیان لە زنجیرە خۆراکییەکان زیاد دەکات و دەبێتە هۆی تووشبوون بە
نەخۆشییە مەترسیدارەکان. زیندەوەرانی خاک وەک کرمی زەوی ئەم پیسکەرانە هەڵدەمژن و
دەیانگوازنەوە، و دەچنە ناو ئاوی ژێر زەوی، ئەمەش مەترسیی لەسەر ئاسایشی خۆراک و تەندرووستیی
گشتیی دروست دەکەن، و کاریگەریییان لەسەر کوالیتی ئاو و خزمەتگوزارییەکانی ئیکۆسیستەم
دەبێت، کە دەبێتە هۆی ناڕێکیی ژینگەیی و ئابووریی و کۆمەڵایەتیی گشتگیر.
