شارپرێس:
بهگوێرهى ڕاپۆرتێک کە وەزارەتی ژینگەی عێراق بڵاویکردوەتەوە، ناوچە بەرفراوانەکانی عێراق زیادبونی بەرچاوی ژمارەو توندی شەپۆلەکانی خۆڵبارینیان بەخۆوە بینیوە، ئەمەش کاریگەرییەکی دیاری لەسەر زیادبونی قەیرانە ژینگەییو تەندروستییەکانی وڵاتەکە هەبوە.
وەزارەتەکە لەڕاپۆرتەکەدا ئاماژەی بەوەکردوە، نزیکەی 60%ی ئەو شەپۆلە خۆڵانە کە ڕوو لەعێراق دەکەن لەوڵاتانی دراوسێو بەتایبەت سوریاو سعودیە سەرچاوە دەگرن، لەئەنجامی تێکچونی ژینگەو بیابانبون لەو ناوچانە.
ئاماژەی بەوەشکردوە، گۆڕانی کەشوهەواو دابەزینی بەرچاوی ڕوبەری سەوزایی ڕۆڵیان هەبوە لەتوندبونەوەی ئەم دیاردەیە لەناوخۆدا.
ئەوەش هاتوە، دروستکردنی بەنداو لەوڵاتانی دراوسێ بەتایبەتی تورکیاو ئێران بەشداربون لەکەمبونەوەی ئاستی ئاوی ڕوبارەکانی دیجلەو فورات، ئەمەش وایکردوە ڕوبەرێکی فراوانی زەوییە کشتوکاڵییەکان وشک ببنو ببنە سەرچاوەی شەپۆلەکانی خۆڵبارین.
وەزارەتەکە جهختیكردوهتهوه، حکومەت کار بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی وزەی پاکو فراوانکردنی ناوچەکانی سەوزایی دەکات بۆ بەرەنگاربونەوەی بەبیابانبون، ئەمە جگە لەپەسەندکردنی پلانی درێژخایەن بەهەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتەکانی کشتوکاڵو سەرچاوەکانی ئاوو لایەنە پەیوەندیدارەکانی تر.
وەزارەتەکە داوای هاوکاری ناوچەییو نێودەوڵەتی کردوە بۆ کەمکردنەوەی دیاردە ژینگەییە سنوربەزێنەکانو چارەسەرکردنی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا، کە ئێستا مەترسی لەسەر ئاسایشی ژینگەیی، تەندروستیو ئابوری عێراق دروستکردوە.
