ئامادەكردنی: بەختیار ئەحمەد
پێشەکی
سی و چوارەمین لوتکەی عەرەبی لە بەغداد لە
کاتێکدا بەسترا کە عێراق هیوایەکی زۆری لەسەر هەڵچنیبوو کە ببێتە سەکۆیەک بۆ جێگیرکردنى
پێگەی عێراق لە ناوجەرگەى وڵاتانى عەرەبی و ڕەنگدانەوەی باشتربوونی پەیوەندییەکانی
نێوان بەغداد و کەنداو و پایتەختە عەرەبییەکان بێت. بەڵام نێوەندە فەرمییەکانی عێراق
سەریان سوڕما بە ئامادەنەبوونی بەرچاوی ژمارەیەک سەرکردەی کاریگەری عەرەبی، دیارترینیان
پاشای بەحرەین، شازادەی جێنشینی سعودیە، سەرۆکی ئیمارات، پاشای ئوردن و سەرۆکی
تونس و لە برى خۆیان نوێنەرانى پلە خوارتریان ناردبوو. ئەم ئامادە نەبوونە ناتوانرێت
وەک بڕیارێکی تاکەکەسی تەنها لەلایەن ئەم پایتەختانەوە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت، بەڵکو
نیشاندەری دۆخێکی ئاڵۆز و دوورکەوتنەوەی دیپلۆماسییە.
یەکەم: سەرکردە ئامادەنەبووەکان
شا حەمەد بن عیسا ئەلخەلیفە (بەحرەین).
شازادەی جێنشین محەمەد بن سەلمان ئال سعود
(سعودیە).
شێخ محەمەد بن زاید ئەلنەهیان (ئیمارات).
شا عەبدوڵڵای دووەم (ئۆردن).
سەرۆک قەیس سەعید (تونس).
دووەم: ئەو سەرکردانەى کە ئامادە بوون:
تەمیم بن حەمەد ئەمیری قەتەر (بەڵام بەبێ ئەوەی
وتار بدات کۆبوونەوەکەى بەجێهێشت، ئەمەش مشتومڕی دیپلۆماسی بەدوای خۆیدا هێنا).
مستەفا مەدبولی سەرۆک وەزیرانی میسر (بە نوێنەرایەتی
سەرۆک سیسی).
سەرۆکی مۆریتانیا.
سێهەم: هۆکاری ئامادە نەبوونی سەرکردەکان
نیگەرانییە ئەمنییەکان: سەرەڕای کەمبوونەوەی ڕێژەیی
توندوتیژی لە بەغداد، تێڕوانینی بۆ ئاسایشی عێراق لە هەندێک لە وڵاتانى کەنداودا بە
نەرێنی ماوەتەوە، بەتایبەتی لەگەڵ بەردەوامی چالاکی هێزە چەکدارەکان و بوونى گرژی
لە نێوان هێزەکانی ئەمریکا و هێزەکانى نزیک لە ئێران.
هەژمونى ئێران لە عێراق:
أ. هەندێ وڵاتی عەرەبی، دیارترینیان سعودیە و بەحرەین، هێشتا عێراق وەک ناوچەیەکی
ژێر هەژمونى ئێران سەیر دەکەن.
ب. هێشتا پەیوەندییەکانی سعودیە و عێراق نەگەیشتووەتە قۆناغی متمانەی تەواو، سەرەڕای
هەنگاوەکانی ئەم دواییە.
ج. بەحرەین تا ڕادەیەکی زۆر سیاسەتە ناوچەییەکانی لەگەڵ سعودیە و ئیمارات هەماهەنگ
دەکات.
د. ئیمارات خۆی لەو هەنگاوانە دەپارێزێت کە دەکرێت وەک ئاساییکردنەوە لێکبدرێتەوە
لەگەڵ ئەو وڵاتانەى ناوچەکە کە پەیوەندییان بە ئێرانەوە هەیە.
چوارەم :کاریگەری ترەمپ لەسەر هەڵوێستی وڵاتانی
عەرەبی
ئیدارەی ترەمپ بە گومانەوە لە عێراق دەڕوانێت
و وەک وڵاتێک سەیری دەکات کە لەژێر کاریگەری ئێراندایە، ئەمەش وایکردووە واشنتۆن کەمتر
لەگەڵ کرانەوەیەکی گەورەی عەرەبی بەڕووی بەغدادا بێت. هەندێک لە وڵاتانى کەنداو (وەک
سعودیە، ئیمارات و بەحرەین) ترسیان هەیە بەشداریکردنیان لە لوتکەی بەغداد وەک ئاساییکردنەوەی
پەیوەندى لەگەڵ هاوپەیمانەکانی ئێران هەست پێبکرێت، ئەمەش لەگەڵ ئەولەویەتەکانی ئێستای
کۆشکی سپیدا ناکۆکە. بۆیە ڕەنگە ئامادەنەبوون لە لوتکەکەدا جۆرێک بێت لە پابەندبوونی
ڕانەگەیەندراو بە سیاسەتەکانی واشنتۆن بەرامبەر بە عێراق لەم قۆناغەدا.
پێنجەم: ئامادەنەبوونی کەسی یەکەمى وڵات ئەکرێت
ئەم پەیامانەى هەبێت
ناڕازیبوون لە هاوسەنگییە سیاسییەکانی ناو عێراق
(حکومەت، هێزەکان، پەرلەمان).
وەک ئاماژەیەک کە هێشتا بەغداد قورسایی خۆى وەک
وڵاتێکى عەرەبی بەدەست نەهێناوەتەوە.
ناردنی نوێنەرانی پلە دوو وەک دەربڕینی بوونى
ساردی لە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان لێکدەدرێتەوە.
لووتکەکە لە چوارچێوەی لێکتێگەیشتنێکی پێشووی
عەرەبیدا نەبووە، بەڵکو وەک دەستپێشخەرییەکی تاکەکەسی عێراقی هاتووە. نەبوونی هەماهەنگی
پێشووی عەرەبی بەشداریکردنەکەی کردە ناپابەندکەر.
شەشەم: کاردانەوەکانی ئامادەنەببون لەسەر عێراق
لاوازکردنی قورسایی سیاسی لوتکەکە: هەرچەندە
لوتکەکە بەڕێوەچوو و بڕیاریاریش دەرکرا، بەڵام نەبوونی کەسایەتى یەکەمى وڵاتە عەرەبییەکان
لە قورسایی بڕیارەکانى لوتکەکەى کەمکردەوە.
پەیامەکان بۆ ناوخۆی عێراق: گورزێکی دیپلۆماسی
بوو کە بەر عێراق کەوت، بەتایبەتی کە حکومەتی سودانی گرەوى لەسەر ئەم لوتکەیە دەکرد
وەک ئاماژەیەک بۆ گەڕانەوەی عێراق بۆ نێو کۆمەڵگاى عەرەبی.
ئامادەنەبوونى سەرکردەکان بیانوویەکی بە نەیارانی
حکومەت بەخشی بۆ ئەوەی بڵێن عێراق هێشتا لە گۆشەگیریی سیاسیدایە.
ڕاسپاردە: پێویستی دووبارە هەڵسەنگاندنی دیپلۆماسیەتی
عێراق.
ئامادەنەبوونی سەرکردەکان پێویستی بە پێداچوونەوەی
هەمەلایەنە بە پەیوەندییە عەرەبییەکانی عێراق بە مەبەستى بنیاتنانی سیاسەتێکی دەرەکی
هاوسەنگتر.
پێویستی دروستکردنی پەیوەندی دامەزراوەیی سەربەخۆ
لە کاریگەریی هێزەکان یان حیساباتی ناوچەیی.
بەدامەزراوەییکردنی پەیوەندییەکانی کەنداو و
عێراق لەڕێگەی دامەزراندنی ئەنجوومەنی هەماهەنگی دوولایەنە (ئابووری، ئەمنی).
گوتارێکی سیاسی ڕوون و دڵنیاکردنەوە بۆ وڵاتە
عەرەبییەکان کە بەغداد درێژکراوەی هیچ میحوەرێکی دەرەکی نییە.
ئەنجام
ئامادەنەبوونی سەرکردە باڵاکانی عەرەب لە
لوتکەی بەغداد لە ساڵی ٢٠٢٥دا ڕووداوێکی ئاسایی نییە، بەڵکو نیشاندەری قووڵبوونەوەی
درزەکانی جوگرافیای سیاسی عەرەبییە. سەرەڕای سەقامگیری ڕێژەیی عێراق، هێشتا پێویستی
بە هەوڵی سیاسی بەرچاو هەیە بۆ وەرگرتنەوەی متمانەی جیهانی عەرەبی، بەتایبەتی کەنداو.
لوتکەکە دەرفەتێک بوو، بەڵام پەیامە بێدەنگەکان، دەنگییان لە قسەکان بەرزتر بوو.
ئاڵنگارى داهاتوو ئەوەیە کە ئەم ئامادە نەبوونە بکرێتە هاندەرێک بۆ دووبارە جێگیربوونەوە،
نەک دوورکەوتنەوە و نائومێدییەکی دیپلۆماسی.
