شارپرێس:
پەروین بوڵدان ئەندامی وهفدى ئیمراڵی كە دوێنێ سەردانی عەبدوڵڵا ئۆجەلانى كرد ڕایدهگهیهنێت، "ئۆجەلان دڵخۆشە بەو پێشکەوتنانەی لەپرۆسەکەدا بەدەستهاتون، هیچ كێشەیەك لەئارادانیەو کۆبونەوەکەمان زۆرباش بوو".
بوڵدان لەلێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا وتی:"پشتگیریی لەپێشنیازی دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرست دەکەن، بۆ پێکهێنانی لیژنەیەک لەئەنجومەنی نیشتمانی گەورەی تورکیا، بۆ چارەسەرکردنی ئەم پرسە، ئەم لیژنەیە هەنگاوی یەکەم دەبێت بۆ چارەسەرکردنی ئەو پرسە لەپەرلەمان، باشترە پێش کۆتایی ساڵی یاسادانانی ئێستا پێکبهێنرێت".
باخچەلی داوایکردوە، لیژنەکە لەئەندامانی ئەو 16 پارتە سیاسییە پێكبهێنرێت، کە نوێنەرایەتیان لەپەرلەمان هەیەو لە100 ئەندام لەخۆبگرێت.
پەروین بوڵدان ڕاشیگەیاندوە، باخچەلی ڕونیکردەوە کە پێویستە چی بکەین، لیژنەکە هەنگاوی یەکەم دەبێت بۆ چارەسەرکردنی ئەم پرسە لەپەرلەمان، چونکە دەبێت ئەم بابەتە لەپەرلەمان بەجدی گفتوگۆی لەسەربکرێت، لیژنەکە تەنها بەمشێوەیە کاردەکات، دەبێت پێش کۆتایی ئەمساڵی یاسادانانە پێکبهێنرێت.
لەبارەی بانگەوازەكەی باخچەلی بۆ هەموو چینو توێژەکانی کۆمەڵگهش كە زمانی بەرپرسیارانە بەکاربهێنن، بوڵدان وتی:"ئێمەش وەک بەڕێز باخچەلی بیردەکەینەوە، پێویستە هەموو کەسێک وریابێت لەو زمانەی بەكاریدەهێنێت، پێویستە خۆمان بەدوربگرین لەهەر دەربڕینێک کە هێرشبەرانە یان سوکایەتیکردن بێت، نابێت ئەو وشانە بەکاربهێنرێن کە ئەم مانایەیان هەیە، کەشوهەوایەکی نوێو پرۆسەیەکی نوێ لەئارادایە ئێستا".
