سزای سێدارەی بەندکراوێکی کورد و خەڵکی ئیلام بە ناوی بێهرووز فەتحوڵڵاهی کە پێشتر بە تۆمەتی کوشتنی ئەنقەست دەستبەسەر و دواتر سزای سێدارەی بە سەردا سەپابوو، لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە جێبەجێ کرا.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سزای سێدارەی بەندکراوێکی کورد و خەڵکی ئیلام بە ناوی بێهرووز فەتحوڵڵاهی لە بەندیخانەی ناوەندیی ئیلام جێبەجێ کرا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، بێهرووز فەتحوڵڵاهی نزیک پێنج ساڵ پێش بە تۆمەتی کوشتنی ئەنقەست دەستبەسەر و دواتر لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپابوو.
لەماوەی ڕۆژانی رابردوودا لانی کەم حەوت بەندکراوی دیکە کە سێ کەسیان کورد، لوڕ و عەرەب بوون بە تۆمەتی وەکوو کوشتنی بە ئەنقەست، دەستدرێژیی سێکسی و تۆمەتی پەیوەندیدار بە مادە هۆشبەرەکان لە بەندیخانەکانی کرماشان، خوڕەمئاوا، هەمەدان، شیراز و نەیشابوور لەسێدارە دراون.
سزای سێدارەی بەندکراوێکی کورد و خەڵکی کرماشان بە ناوی سیرووس جەعفەری لە بەندیخانەی دێزڵئاوای ئەو شارە جێبەجێکرا. ناوبراو تەمەنی ٢٧ ساڵ بوو و سێ ساڵ پێش بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست دەستبەسەر و سزای سێدارەی بەسەردا سەپابوو.
هاوکات سزای بەندکراوێکی خەڵکی نەیشابوور بە ناوی ئەسغەر باغبانی تەمەن ٢٩ ساڵ، لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە جێبەجێ کرا. ئەو بەندکراوە ٤ ساڵ پێش لە تێکهەڵچونێکدا لە سەر ئاودێریی زەویی کشت و کاڵی کەسێکی کوشتبوو و دواتر لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپابوو.
هەروەها،بەندکراوێکی لوڕ و خەڵکی ئەلیگودەرز بە ناوی محەمەدوەلی ئاهەنگەری تەمەن ٣٧ ساڵ لە بەندیخانەی ناوەندیی خوڕەمئاوا لەسێدارە دراوە. ناوبراو سێ ساڵ پێش بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە بادە هۆشبەرەکان دەستبەسەر کرابوو.
هاوکات سزای سێدارەی سێ کەس کە یەکێکیان بە ناوی ناسر حەمیدی تەمەن ٣٤ ساڵ، عەرەب و خەڵکی دزفوول بووە لە بەندیخانەی عادڵئاوای شیراز جێبەجێکراوە. ناوبراو چوار ساڵ پێش بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست دەستبەسەر کرابوو.
ناسنامەی دوو بەندکراوی دیکە عیسا ئەحمەدی تەمەن ٣٠ ساڵ خەڵکی شیراز بە تۆمەتی دەستدرێژی سێکسی و هادی سولەیمانی خەڵکی میانڕوود بە تۆمەتی بازرگانی کردن بە ماددە هۆشبەرەکان ئاشکرا بووە. عیسا ٤ ساڵ پێش و هادی ٣ ساڵ پێش دەستبەسەر و سزای سێدارەیان بەسەردا سەپابوو.
هەروەها، سزای سێدارەی بەندکراوێکی خەڵی مەشهەد بە ناوی ئەمیرمحەممەد تەوەکولی تەمەن ٣٢ ساڵ کە پیشتر بە تۆمەتی کوشتنی ئەنقەست دەستبەسەرکرابوو، لە بەندیخانەی ناوەندیی هەمەدان جێبەجێ کراوە.
