تورکیا دوای هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە لەدەستدانی پاساوى مانەوە

توێژینەوە و شیکاریی

9 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 96 جار خوێندراوه‌ته‌وه

بەختیار ئەحمەد ساڵح

پێشەکی
تورکیا لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردووەوە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)ى وەک بیانوویەک بەکارهێناوە بۆ دەستێوەردانی سەربازی ناوچەیی بەتایبەت لە عێراق و سوریا و ئەو پارتەى بە هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ بۆ سەر یەکپارچەیی خاک و ئاسایشی نەتەوەیی خۆی ئەژمارکردووە، ئەم پاساوە زۆر جار وایکردووە هەندێک لە وڵاتە زلهێزەکان چاو لە پێشێلکارى  ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانى بپۆشن، بەڵام لەگەڵ ڕاگەیاندنی خۆهەڵوەشاندنەوەى ئەو پەکەکە، تورکیا ڕووبەڕووی ئاڵنگارییەکى بوونگەرایی دەبێتەوە بۆ سیاسەتی ئەمنیی ناوچەیی خۆی، ئەویش لەدەستدانی ئەو بیانووەیە کە ڕێگەی پێدەدا بوونى سەربازی و خۆی لە دەرەوەى سنوورەکانى بەرفراوانتر بکات.
یەکەم: پاشخانی مێژوویی دەستێوەردانەکانی سەربازی تورکیا
لە ساڵی 1983، تورکیا یەکەم ئۆپەراسیۆنی سەربازی خۆی لە ناوخۆی هەرێمی کوردستانی عێراق دەستپێکرد بە بیانوى کەوتنە دواى گەریلاکانى پەکەکە. ئەنجامدانى ئۆپەراسیۆنەکانى تورکیا بە ڕێژەیەکی بەرچاو ڕوویان لە هەڵکشان کرد، بەڵام لە دواى ساڵی ٢٠١٦ەوە و لەگەڵ گۆڕانی باوەڕى سەربازی تورکیا لە بەرگرییەوە بۆ لێدانی پێشوەختە، دەستێوەردانەکان بەرفراوانتر بوون، بەتایبەتی دوای هەوڵی کودەتا شکستخواردووەکە.
دیارترین ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان:
ئۆپراسیۆنی قەڵغانی فورات (2016): دژی داعش، بەڵام ئامانجی ڕێگریکردن بوو لە فراوانبوونی سنوورى جوگرافیایی یەپەگە لە سوریا.
ئۆپراسیۆنی چڵە زەیتون (2018): کۆنترۆڵکردنی عەفرین، بە بیانووی ئەوەى کە یەپەگە درێژکراوەى پەکەکە یە.
ئۆپەراسیۆنی بەهاری ئاشتی (2019): دژی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە).
ئۆپەراسیۆنی چنگ-قفڵ (2019–2024): بڵاوەپێکردنی سەربازی بەرفراوان لە باکووری عێراق و زیاتر کردنى بنکە سەربازییەکان.



دووەم: هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە وەک گۆڕانێکی ستراتیژی
ڕاگەیاندنی هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە، مشتومڕێکی بەرفراوانی لەسەر ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتی دروستکرد، بەتایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی ڕوون نەبوونی وردەکارییەکانی جێبەجێکردنى بڕیارى کۆنگرەى دوانزەهەمى پەکەکە. بەڵام لە بنەڕەتدا، هەڵوەشاندنەوەی ئەو پارتە- جا بە ئیرادەی ناوخۆیی بێت یان بە فشاری نێودەوڵەتی- تورکیا لە بیانوویەکی سەرەکى بۆ بوونى سەربازى لە سوریا و عێراق و ئەنجامدانى ئۆپەراسیۆنە دەرەکییەکانی بێبەش دەکات.
تورکیا لە ناو هەرێمى کوردستان و سوریا ئامادەیی سەربازی هەمیشەیی هەیە و بە دەیان بنکەى سەربازى پێشکەوتووی دروست کردووە. بە نەمانی هەڕەشەی پەکەکە، بەردەوامی بوونی هێزەکانى تورکیا دەبێتە جێگەی پرسیاری یاسایی و ئەخلاقی.
سێیەم: کاریگەری لەسەر شەرعیەتی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان
نەمانى پاساوی یاسایی نێودەوڵەتی: تورکیا هەمیشە خۆی وەک دەوڵەتێک نیشانداوە کە وەڵامی هەڕەشەیەکی تیرۆریستی سنوور بڕ دەداتەوە. بە هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە، ئەو بیانووە لەدەست دەدات.
نەبوونى پشتیوانی نێودەوڵەتی: تورکیا ڕووبەڕووى فشاری واشنتۆن، مۆسکۆ، بەغداد و ئێران دەبێتەوە بۆ کێشانەوە یاخود کەمکردنەوەی هێزەکانى.
زیادکردنی ئیدانەکردنی یاسایی: ئەو گوتارەى کە ئەنقەرە تۆمەتبار دەکات بە بەکارهێنانی شەڕ دژی تیرۆر وەک پاساوێک بۆ فراوانبوونی ناوچەیی خۆی، بەهێزتر دەبێت.

چوارەم: کاریگەری لەسەر سیاسەتی ناوخۆی تورکیا
ئۆپۆزسیۆن: ڕەخنەکانی لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان چڕتر دەکاتەوە.
شەقامی تورکی: داوای ئەوە دەکات ئەو سەرمایەیەى لە شەڕدا خەرج کراوە، لە پەرەپێدانى ئابوورى و باشترکردنى خزمەتگوزارییەکان خەرج بکرێت.
سوپای تورکیا: پێویستی بە دووبارە پێناسەکردنەوەی ئامانجەکانى دەبێت، ئەمەش دەتوانێت ببێتە هۆی گۆڕانکاری لە باوەڕى سەربازی یان ستراتیژی بەرگری ناوچەیی.

پێنجەم: بۆشایی ستراتیژی چاوەڕوانکراو
بڕیارە تورکیا بە دابەشبوونى بنکە سەربازییەکانی لە باکووری عێراق و سوریادا بچێتەوە و ئەگەر هەیە ڕووبەڕووی گرفت ببێتەوە لە پاساوهێنانەوە بۆ بوونى ئەو هێزانە لەبەرامبەر ڕای گشتی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی. پێشبینى دەکرێت تورکیا کار لەسەر بژاردەى جێگرەوە بکات نمونەى:
پشتبەستن بە زانیارى هەواڵگری لەبری ئامادەبوونی ڕاستەوخۆی سەربازی.
پتەوکردنی پەیوەندی لەگەڵ سوننە و کورد وەک بەدیلێک بۆ ئۆپەراسیۆنە ڕاستەوخۆکان.
بەکارهێنانی ئامرازەکانی هێزی نەرم (ئابووری، ئاینی، میدیا) بۆ دروستکردنى کاریگەری بەبێ بەکارهێنانی هێزى ڕەق.

شەشەم: سیناریۆکانی داهاتوو
کشانەوەی هەنگاو بە هەنگاوى هێزەکانى لەژێر فشاری نێودەوڵەتی بەتایبەت لە عێراق.
گەڕان بەدوای بیانوویەکی ئەڵتەرناتیڤ: ئەگەر هەیە تورکیا هەڕەشەى داعش، مەترسی سەر تورکومانەکان بەکار بهێنێت بۆ مانەوە.
ستراتیژی ئەڵتەرناتیڤی مەدەنی: لەڕێگەی وەبەرهێنانی ئابووری لەو ناوچانەى کە بوونى سەربازى هەبووە تیایاندا.

ئەنجام
بڕیارى خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە وەرچەرخانێکی مێژووییە لە ئاسایشی ناوچەکەدا، بەتایبەتی بۆ تورکیا کە وەک بیانوویەک بۆ فراوانکردنی هەژموونى سەربازیی خۆی پشتی پێ بەستووە. لە نەبوونى ئەم پاساوە، ئەنقەرە یان ناچار دەبێت ستراتیژی خۆی بە شێوەیەکی ڕیشەیی بگۆڕێت یان پەرە بە گرژییەکان لەگەڵ دراوسێکانی بدات بۆ دروستکردنى پاساو بۆ مانەوە.