شارپرێس:
دیاردەیەکی نامۆ لەمیسر سەرنجی میدیاکانو چالاکوانانی مافی ئاژەڵانی بەلای خۆیدا ڕاکێشاوە، ئەویش ئەوەیە کە ژمارەی گوێدرێژەکان بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە لەزیاتر لەسێ ملیۆن گوێدرێژ لەساڵانی نەوەدەکان بۆ کەمتر لەیەک ملیۆن گوێدرێژ لەساڵی 2025.
حسێن ئەبو سەدام سەرۆکی سەندیکای جوتیاران، نیگەرانیی خۆی لەم دیاردەیە دەربڕیوەو هۆشداریشیداوە لەدزەپێکردنی گۆشتی گوێدرێژ بۆ ناو بازاڕەکانی میسر.
جهختیكردوهتهوه، پێشتر چەند حاڵەتێک بۆ بەکارهێنانی گۆشتی گوێدرێژ کە چێشتخانەکان دۆزراوەتەوەو داوایکردوە کۆنتڕۆڵی توند لەسەر سەربڕینی گوێدرێژ دابنرێت.
ئەبو سەدام ئاماژەی بەوەشکرد، پێستی گوێدرێژ هەناردە دەکرێت بۆ دەرەوەی وڵات بەتایبەتیی بۆ چین کە بۆ دروستکردنی دەرمانی گرانبەها بەکاریدەهێنێت.
هەروەک ئاماژەی بەپەرەسەندنی ئارەزوی جیهانیی بۆ ئەم ئاژەڵانە کرد، بەوپێیەی لەئەوروپا کێڵگەی تایبەت هەن کە پەنیرو سابون لەشیری گوێدرێژ بەرهەمدەهێنن.
چاودێران پێیانوایە کەمبونەوەی بەکارهێنانی گوێدرێژ لەگوندەکانی میسر، بەهۆی گواستنەوە بۆ شێوازە کشتوکاڵییە مۆدێرنەکان، هەروەک تێچوی زۆری چاودێریکردنیان، هۆکار بوە بۆ کەمبونەوەی ژمارەیان.
لەنێوان ئەو هۆشدارییانەی دەدرێن لەبارەی بازرگانیکردنی نایاساییو گۆڕانکاریی لەشێوازی کشتوکاڵدا، ئەو پرسیارە هەر ماوەتەوە کە دەڵێت: گوێدرێژە میسرییەکان بۆ کوێ چون؟ ئەم بابەتە چاوەڕێی وەڵامی فەرمییە لەلایەن دەزگا حکومییەکانەوە.
و: ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی
