لێدوانی حکومەتی هەرێم لەبارەی دابەشکردنی موچە لە پێش جەژن

کوردستان

25/05/2025‌ 3452 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

وتەبێژی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران زانیاری نوێ لەبارەی دابەشکردنی موچەی ئەم مانگەی موچەخۆران و فەرمانبەرانی هەرێم ئاشکرادەکات و دەڵێت،" چاوەڕوانین پێش جەژن خەرج بکرێت ".


سەمیر هەورامی، وتەبێژی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەکرد،" ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو لیستی موچەی مانگی ئایار بە سیستمی پەیڕۆڵ ئامادەکراو ئەمڕۆ لەلایەن تیمێکی وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمەوە ڕادەستی بەغدا کرا ".

ئەوەشیخستەڕوو، لە ئێستادا لیستەکە لای بەشی چاودێری دارایی وەزارەتی دارایی عێراقە و بڕیارە لە دوو ڕۆژی داهاتودا ڕادەستی فەرمانگەی ژمێریاری وەزارەتەکە بکرێت، لەوێش دوبارە وردبینی بۆ دەکرێتەوە و ڕەوانەی نوسینگەی وەزیر دەکرێت، بۆ ئەوەی ڕەزامەندی لەسەر خەرجکردنی بدرێت.

بەپێی وتەی سەمیر هەورامی، ئەگەر تەیف سامی بەرەو دەرەوەی وڵاتیش گەشت بکات، پێویستە کەسێکی تر بکرێت بە بریکاری وەزیر، ئەو کەسەش دەسەڵاتی خەرجکردنی موچەی دەبێت.

لەبارەی شەقامی 100 مەتری سلێمانی، وتەبێژی قوباد تاڵەبانی وتیشی،" لەماوەکانی ڕابردوو دوو گوژمەی باش بۆ پڕۆژەکە خەرجکرا و داوامان لە کۆمپانیای جێبەجێکار کردوە کارەکانی خێراتر بکات، لەڕاستیشدا کۆمپانیاکەش هەر وای کردوە و کارەکانی پڕۆژەکەی خێراتر کردوە ".

سەمیر هەورامی باسی لەوەشکرد،" لەماوەکانی داهاتودا بەشێکی شەقامەکە بەڕوی شۆفێراندا دەکرێتەوە ".

محەمەد سەردار