شارپرێس:
وەزارەتی دارایی و ئابوری ڕایگەیاند، موچەی چەند مانگێکی ئەو فەرمانبەرانە دابەشدەکرێت، کە لە 2024وە بەشێوەی گرێبەست و هەمیشەیی دامەزراون و موچەکانیان بۆ خەرج نەکراوە.
وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێم ڕایگەیاند، پاڵپشت بەبڕیاری ئەنجومەنی وەزیران لەبارەی چارەسەرکردنی گرفتی ئەو فەرمانبەرانەی ساڵی 2024 بەشێوەی گرێبەست و هەمیشەیی لەسەر میلاکی دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێم دامەزراون، بەڵام بەهۆی ئەوەی لەناو لیستی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم کە مانگانە دەچێتە بەغدا قبوڵ نەکراون و ماوەی چەند مانگێکە شایستەکانیان بۆ خەرج نەکراوە، لەو بارەیەوە چەند بڕیارێک لەسەر میکانیزم و شێوازی پێدانی شایستەکانیان درا، کە بریتین لەمانە:
١- ڕۆژی چوارشەممە ( 28ی ئایاری 2025 ) موچەی مانگی نیسانی ساڵی 2025ی سەرجەم ئەو فەرمانبەرانە لەسەرتاسەری هەرێمی کوردستان دابەشدەکرێت.
٢- موچەی مانگەکانی ( 3 ، 4 ، 5 ، 6 ،7 ) ساڵی 2024ی سەرجەم ئەو فەرمانبەرانەش دابەشدەکرێت کە لەو مانگانەدا دامەزراون و شایستەکانیان بۆ خەرج نەکراوە.
٣- لەمانگەکانی داهاتودا لەگەڵ خەرجکردنی موچەی مانگانەیان قۆناغ بە قۆناغ ئەو موچانەشیان بۆ خەرج دەکرێتەوە، کە لەساڵی ڕابردوەوە تا ئێستا پێیان نەدراوە.
٤-لە مانگی داهاتوەوە سەرجەم ئەو فەرمانبەرانە مانگانە لەگەڵ مامۆستایانی گرێبەستی وەزارەتی پەروەردەو خوێندنی باڵا موچەکانیان بۆ خەرج دەکرێت، کە تێکڕای تەمویلەکەیان لەسەر داهاتی ناوخۆیە.
محەمەد سەردار