چاپی دووهەمی کتێبی «ژوورە تاکەکەسییەکان» بڵاوکرایەوە

هەمەڕەنگ

29/05/2025‌ 1325 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

چاپی دووهەمی کتێبی «ژوورە تاکەکەسییەکان» لە نووسینی ڕەزا خەندان مەهابادی چاپ و بڵاو کرایەوە. ئەم کتێبە کە ڕۆیا حوسێنی لە فارسییەوە وەرگێڕانی کردبوو، ئەم جارە بە پێداچوونەوەیەکی دووبارە، لە لایەن چاپخانەی 49 کتێب لە وڵاتی سوید چاپ و بڵاو کرایەوە. «ژوورە تاکەکەسییەکان» کە کۆمەڵەچیرۆکێکە، بۆ یەکەم جار زستانی ساڵی 2011 و بە زمانی فارسی لە ئێران و بە قەڵەمی ڕەزا خەندان مەهابادی نووسرابوو و هەر لە ئەو ساڵەدا بەشێوەیەکی نایاسایی و نهێنی چاپ و بڵاو کرابووەوە. پاش دوو ساڵ، ڕۆیا حوسێنی کە نازناوی «گوڵاڵە»ی هەیە، ئەم کتێبە وەرگێڕان دەکاتە سەر زمانی کوردی. چاپی یەکەمی وەرگێڕانی ئەم کتێبە ساڵی 2013 و لە هەرێمی کوردستان و لە لایەن وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان و لە چاپخانەی دارا چاپ و بڵاو کرابووەوە. ئێستا چاپی دووهەمی وەرگێڕانی کوردی ئەم کتێبە، لە لایەن چاپەمەنی 49 کتێب چاپ و بڵاو کرایەوە و خرایە بەردەستی خوێنەرانی کوردزمان.


ڕۆیا حوسێنی (گوڵاڵە) لەسەر ئەوەی چۆن بوو کە سەرەتا بڕیاریدا کە ئەم کتێبە وەرگێڕان بکات، دەڵێت: «من پێشتر دوو جار ڕەزام لە فێستیڤاڵی گەلاوێژ بینیبوو و لەوێ لەگەڵیدا ئاشنا بووبووم و پاشان زانیم کە ئەم کتێبەی بە زمانی فارسی نووسیوە. کاتێک کە لە تورکیا دەژیام، ڕەزا ئەم کتێبەی بۆم واژۆ کردبوو و ناردی بۆم. منیش کاتێک کە کتێبەکەم خوێندەوە، زۆر پێم جوان بوو و بڕیارمدا کە وەری بگێڕمە سەر زمانی کوردی».

ناساندنی نووسەر:
ڕەزا خەندان مەهابادی نووسەر و چالاکی مەدەنییە کە ساڵی 1960 لە مەهاباد لەدایکبووە. ناوبراو لە ساڵی 1998ەوە دەبێت بە ئەندامی ناوەندی نووسەرانی ئێران. تا ئێستاش چەندین کتێب و ڕەخنە و لێکۆڵینەوەی لێ بڵاو کراوەتەوە کە لەبواری لێکۆڵینەوەدا دەتوانین بە کۆمەڵە کتێبی 19 بەرگی «فرهنگ افسانەهای ایران» ئاماژە بکەین کە بەشێوەی هاوبەش لەگەڵ عەلی ئەشرەف دەرویشیان ئامادەی کردووە. لە ئەم نووسەرە کوردە لە ئێران زیاتر کتێبی کۆمەڵەچیرۆکی «محبوب من» (خۆشەویستەکەم) دەناسن کە ناوبانگێکی زیاتری دەرکردووە. شیاوی ئاماژەیە کە ساڵی 2021 لێژنەی قەڵەمی ئەمریکا خەڵاتی «ئازادی قەڵەم»ی بە سێ نووسەری ئێرانی بەخشی کە یەکێکیان ڕەزا خەندان مەهابادی بوو.

ناساندنی وەرگێڕ:
ڕۆیا حوسێنی خوشکی گەورەی ژنەشاعیری کۆچکردووی کورد «ژیلا حوسێنی»یە کە لە ڕێکەوتی 14ی ئازای 1963 لە گوندی دۆزەخدەرە لە سێ کیلۆمەتری شاری سەقز لەدایکبووە. ڕۆیا حوسێنی بەر لە ئەم کتێبە دوو بەرهەمی تری بڵاو کردۆتەوە کە بریتین لە:
۱. وەرگێڕانی کتێبی «کۆمەڵگا لە سایەی خەلافەتدا» لە کوردییەوە بۆ فارسی لە نووسینی «فوئاد مەجید مسری»
۲. کتێبی فارسی «عطر یاس از گل شب‌بو» کە کۆکراوەی شێعرهایەکە کە شاعیرانی کورد بە فارسی نووسیویانە.

لە پشتی بەرگی کتێبەکە ئەم تێکستە نووسراوە:
پێنووسی نووسەری «ژووره تاکەکەسییەکان» به توانایەکی زۆرەوه توانیویەتی ئازار و دەرد و بارودۆخی نێو ئەو ژووره تاکەکەسییانه بێنێته پێش چاوی خوێنەرەکانی. وێناکردنێکی ئەوەنده زیندوو که لەوانەیه گەلێ کەس توانای دیتنیان نەبێت. ئەم ڕەنجانه ئەوەنده زیندوو وێنا کراون و نووسراون که خوێنەر لە کەشی دەرەوەی زیندان ئەباته نێو دونیای زیندانییەکانەوه، دونیایەک که پڕه له ڕەنج و ئازار، بەڵام له پێکەنین و گاڵتەجاڕیش بێبەش نیه. پێکەنین و خەم، هومێد و بێهومێدی تێکڕا و پێکەوه چیرۆکەکان دەبەنە پێش.

لە پێشەکی چاپی دووهەمی ئەم کتێبە لەسەر نووسەری ئەم کتێبە هاتووە:
نێوی ئەم کتێبە لە زمانی فارسیدا " انفرادیەها "یە، ئەم نێوە "ڕەزا خەندان" لە سەر کێشی "بهاریەها" دایهێناوە کە لە زمانی فارسیدا "بەهاریە" بە شیعرێک دەگوترێ کە لە وەسفی بەهاردا نووسرابێ، بەو پێیە " انفرادیە ها " واتە ئەو نووسینانەی وەسفی زیندان و زیندانییەکانی نێو ژوورە تاکەکەسییەکان دەکات.